دارا محەمەد دەربارەی ڕاپۆرتەکەی فۆرین پۆلیسی ئەمریکی: سیاسی و میدیاکارەکان بێئاگان

دکتۆر دارا محەمەد دکتۆرا لە بواری فەلسەفە، دەربارەی ڕاپۆرتەکەی فۆرین پۆلیسی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت" بینیمان چۆن بە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم چەند رۆژەی رابردوودا قەڵسبوون و بە کۆمەڵێک درۆی گەورە وەڵامیاندایەوە". 

د. دارا محەمەد دکتۆری بواری فەلسەفە لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (بێ ئاگای میدیای کوردی و سیاسی و هەتا دوایی) کە لە بەشی بیروڕای ماڵپەڕی (سپی) بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە" بەشێک لە میدیاکان و نوسەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باس لە بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک دەکەن کە لەسەر پێگەی فۆرین پۆلیسی (Foreign Policy) ئەمریکی بڵاوبۆتەوە لە ژێر ناوی ماڵەکارتۆنیەکەی کوردستانی عێراق لە داڕماندایە و بەبێ ئەوەی بە وردی سەرنجی تەواوی ئەم راپۆرتە بدەن". 

دەشڵێت" ئەوەی لێرەدا گرنگە راستبکرێتەوە ئەوەیە کە ئەمە راپۆرتی گۆڤارەکە نیە بەڵکو تێکەڵەیەکە لە وتار و راپۆرت کە لەلایەن رۆژنامەنوسێکەوە نوسراوە کە لە کوردستان وەک رۆژنامەنوس کار دەکات، واتە ئەمە لەلایەن گۆڤاری فۆرین پۆلیسیەوە نەنوسراوە و گوزارشت لە رای گۆڤارەکە ناکات کە میدیاکان و تەنانەت ئەندام پەرلەمان و سەری سەرەوەی پارتی وەڵامی دەدەنەوە، ئەمە چ نەفامی و بێئاگاییەکە".

د. دارا محەمەد لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دەشڵێت" دیارە حکومەتی هەرێم و بە تایبەتی پارتی بەم جۆرە وتار و راپۆرتانە زۆر قەڵسدەبن بە تایبەتی کە لە رۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەمریکی یان ئەوروپیدا بڵاوببێتەوە، هەروەها بینیمان چۆن بە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم چەند رۆژەی رابردوودا قەڵسبوون و بە کۆمەڵێک درۆی گەورە وەڵامیاندایەوە". 

ڕاشیگەیاندووە" کارەساتی ئەم حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە ئەوەیە کە رەنگە بە دەیان و سەدان وتار کە لەلایەن نوسەران و رۆشنبیرانی کوردەوە بەرهەمهاتووە لەسەر چەوتی و نادیموکراسیبوونی ئەم دەسەڵاتە، بەڵام ئەمانە بە هیچ شێوەیەک نایانجوڵێنێت و لە زیندانیکردنی رۆژنامەنوسان و لێدانی ئازادی بیروڕا و لە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی فاشیخوازانەی بێباک بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک پاشەکشەیان نەکردووە". 


PM:01:28:27/03/2023