گونجاوترین کاتەکانی ئەنجامدانی وەرزشکردن لە مانگی ڕەمەزاندا

وەرزشکردن بەپێی ئەو مەبەستەی بۆی دەکرێت ھەڵبژاردنی جیاوازە، ھەندێک دەیکات بۆ کەمکردنەوەی ئازار، ھەندێک دەیکات بۆ پاراستنی کێش، ھەندێک بۆ بودی بیڵدینگ و ماسولکە دروستکردن..ھتد، بۆیە ھەڵبژاردنی وەرزشەکە بەپێی مەبەستەکە و گونجاوی دەبێت لەگەڵ ڕەمەزاندا.

دکتۆرە هه‌ڤین که‌مال شاه محەمەد پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری، بە گشتی باشترین كاتەكانی وەرزشكردن بە چەند خاڵێک دەخاتەڕوو کە بریتین لە: 

١- کاتی کردنی وەرزشەکە بەراورد بکە بە شوێنی وەرزشەکە بزانە کاتێکی گونجاوە لە ڕووی پلەی گەرمیەوە، چونکە نابێت پلەی گەرما بەرز بێت بۆ ئەوەی تووشی ووشک بوونەوە نەبیت. 

٢- ئەو جۆرە وەرزشانە ھەڵبژێرە کە لەناو خەڵکدا دەکرێت بۆ ئەوەی دوورەپەرێز نەبیت و بتوانیت چێژ لە کەشوھەوای کووبوونەوەی ئەم مانگە وەرگریت. 

٣- لەژێر ڕێنمایی پزیشک ئەو جۆرە وەرزشە ھەڵبژێرە کە گونجاوە لەگەڵ باری تەندروستیت، بە تایبەتی لە کاتی ھەبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان. 

٤- دەبێت ئەو کالۆرییەی دەیسوتێنیت گونجاو بێت لەگەڵ ئەو جۆری خۆراکەی دەیخۆیت. 

٥- باشترە ھەر ئەو وەرزشانە بکەیت کە پێشتر کردووتە و وەرزشی تازە تاقی نەکەیتەوە لە مانگی ڕەمەزاندا. 

٦- باشترە ھەمیشە ڕای پزیشکی پسپۆر یاخود ئەوانەی پسپۆڕییان ھەیە لە بواری وەرزش و پرۆفیشناڵن وەربگیرێت پێش ئەنجامدانی ھەر وەرزشێک. 

باشترین کات بۆ ئەنجامدانی وەرزش لە ڕەمەزان دا کەیە؟

١-ڕۆشتن بەپێ لە بەیانیان زوودا بۆ ماوەی ٣٥ - ٤٥ خولەک چانسێکی باشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت پارێزگاری کێشیان بکەن و پارێزگاری جومگە و ماسولکەکان لە ئازار. 

٢- ئەنجامدانی وەرزش کاژێرێک پێش بەربانگ، چانسێکی باشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، چونکە توێژینەوە ھەیە دەڵێت ئەنجامدانی وەرزش لە دوای ھەشت سەعات بە ڕۆژووبوون چەوری سووتاندن زیاد دەکات. 

٣- ئەنجامدانی وەرزش دوای بەربانگ بە سێ کاژێر بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ماسولکە دروست کەن، دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بۆ چەند کاژێرێک ئەنجامی دەن، لەگەڵیدا دەبێت خواردنی گونجاو تەواوکەرە خۆراکیەکان وەرگرن بۆ گەشتن بە ئامانجەکەیان. 

بنەما سەرەکیەکانی ئەنجامدانی وەرزش لە مانگی ڕەمەزاندا: 

١- دوورکەوەرەوە لە تیشکی خۆری ڕاستەوخۆ بۆ ماوەیەکی زۆر. 

٢- نابێت لە ماوەی ٦٠ خولەک زیاتر وەرزش کەیت لە کاتی بەڕۆژووبوندا. 

٣- ئاگادار بە کە شلەمەنییەکان بەشێوەیەکی باش بخۆیت لە کاتی بەربانگ بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوەی وون بووە. 

٤- وەرزش مەکە دوای بەربانگ یەکسەر، دەتوانیت دوای سێ کاژێر دەست پێبکەیت. 

٥- ژەمێکی پڕ لەسەوزەوات و میوەھات بخۆ لەگەڵ کەمکردنەوەی چەوری. 

٦- ئاو بە تەنیا بەس نیە بۆ قەرەبووکردنەوەی شلەمەنیەکان، دەبێت شەربەتی میوەی لەگەڵ بخورێت. 

٧- قەرەبووکردنەوەی شلەمەنییەکان دەبێت لەسەرخۆ و بە تدریج بێت نابێت یەکسەر ڕێژەیەکی زۆر بخورێتەوە بە یەکجار. 


PM:06:18:29/03/2023