ساوث کوردستان گروب: ژمارەیەکی زۆری چەکدار هێرشیانکردۆتە سەر شاری دایک و بە هەڕەمەکی تەقەیان کردوە

ساوث کوردستان گروب لەبارەی هێرشکردنە سەر پرۆژەکەیان ڕاگەیەندراوێکی فەرمیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری چەکداری دەمامکدار هێرشیانکردۆتە سەر شاری دایک و بە هەڕەمەکی تەقەیان کردوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ساوث کوردستان گروپ ئاماژە بەوە دەکەن" ئەمڕۆ وەکو هەر ڕۆژێکی دیکە کارمەندانی گروپەکەمان لەناو شاری دایک سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان بوون، لەناکاو لە دەروازەی سەرەوەی شاری دایک چەند ئۆتۆمبێلێکی [درع] و ژمارەیەکی زۆری چەکداری دەمامکدار هێرشیانکردۆتە سەر شاری دایک و بە هەڕەمەکی تەقەیان کردوە، بەم ڕەفتارەشیان گیان و ماڵی کارمەندانی گروپەکەمان و دانیشتوانی شاری دایکیان خستۆتە مەترسییەوە". 

دەشڵێن" پەرلەمانتار هاوڕێ مەلا ستار کەسێک بۆ ساوس کوردستان گروپ دەنێرێت کە ئۆفیسی سامان فایەق حاجی عەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپەکەمانی لێیە و داوا دەکات کە نرخی شوقەی ئەو پەرلەمانتارە کە لەناو شاری دایکە کەم بکرێتەوە و مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ بکرێت، بەڵام چاوەڕێی وەڵام ناکات و بە تەلەفۆنی خۆی و بە تەلەفۆنی چەکدارەکانی دەوروبەری پەیوەندی دەکات و دەڵێت [ئەم نرخەم بۆ کەم نەکەنەوە ئەوا دێمە سەرتان و کەرامەتتان دەشکێنم!] دوای ئەوەی هیچ وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن گروپ و کاک سامانەوە پێ ناگات، هەمان ڕۆژ و لە ١ی ٤، کاتژمێر ٨:٠٠ شەو و لەوکاتەی میوانەکانی یەکێک لە هۆتێڵە ٥ ئەستێرەکانی سەر بە گروپەکەمان بۆ بەربانگکردنەوە و بەسەربردنی شەوێکی ئارام سەردانی ڕێستۆرانتێکی هۆتێلەکەیان کردبوو". 

ئەوەش هاتووە" ئەو پەرلەمانتارە بە خۆی و ٣ ئۆتۆمبێلی پڕ چەکدار و دەمامکدار و پۆشاکی نافەرمییەوە هەڵدەکوتنە سەر هۆتێلەکە و پرسیاری کاک سامان و ناونیشانی کاک سامان دەکەن، ستافی هۆتێلەکەش پێیان ڕاگەیاندون ماوەیەکی زۆرە کاک سامان سەردانی هۆتێلەکەی نەکردوە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

ڕۆژی یەک شەممە، ٢ی ٤ی ٢٠٢٣، وەکو هەر ڕۆژێکی دیکە کارمەندانی گروپەکەمان لەناو شاری دایک سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان بوون، لەناکاو لە دەروازەی سەرەوەی شاری دایک چەند ئۆتۆمبێلێکی [درع] و ژمارەیەکی زۆری چەکداری دەمامکدار هێرشیانکردۆتە سەر شاری دایک و بە هەڕەمەکی تەقەیان کردوە، بەم ڕەفتارەشیان گیان و ماڵی کارمەندانی گروپەکەمان و دانیشتوانی شاری دایکیان خستۆتە مەترسییەوە.

لێرەوە بۆ ڕای گشتیی ڕووندەکەینەوە کە ڕووداوەکە بەمشێوەیە بووە:

لە ڕێکەوتی ١ی ٤ی ٢٠٢٣ پەرلەمانتار [هاوڕێ مەلا ستار] کەسێک بۆ ساوس کوردستان گروپ دەنێرێت کە ئۆفیسی بەڕێز سامان فایەق حاجی عەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپەکەمانی لێیە و داوا دەکات کە نرخی شوقەی ئەو پەرلەمانتارە کە لەناو شاری دایکە کەم بکرێتەوە و مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ بکرێت، بەڵام چاوەڕێی وەڵام ناکات و بە تەلەفۆنی خۆی و بە تەلەفۆنی چەکدارەکانی دەوروبەری پەیوەندی دەکات و دەڵێت [ئەم نرخەم بۆ کەم نەکەنەوە ئەوا دێمە سەرتان و کەرامەتتان دەشکێنم!] دوای ئەوەی هیچ وەڵامێکی ئەرێنیی لەلایەن گروپ و کاک سامانەوە پێ ناگات، هەمان ڕۆژ و لە ١ی ٤، کاتژمێر ٨:٠٠ شەو و لەوکاتەی میوانەکانی یەکێک لە هۆتێڵە ٥ ئەستێرەکانی سەر بە گروپەکەمان بۆ بەربانگکردنەوە و بەسەربردنی شەوێکی ئارام سەردانی ڕێستۆرانتێکی هۆتێلەکەیان کردبوو، ئەو پەرلەمانتارە بە خۆی و ٣ ئۆتۆمبێلی پڕ چەکدار و دەمامکدار و پۆشاکی نافەرمییەوە هەڵدەکوتنە سەر هۆتێلەکە و پرسیاری کاک سامان و ناونیشانی کاک سامان دەکەن، ستافی هۆتێلەکەش پێیان ڕاگەیاندون ماوەیەکی زۆرە کاک سامان سەردانی هۆتێلەکەی نەکردوە.

سەر لەبەیانی ڕۆژی یەک شەممە، دوو پارێزەری سامان حاجی فایەق [ئاسایشی بەکرەجۆ و ئاسایشی گشتی و دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش]یان لە ڕووداوەکە ئاگادارکردۆتەە کە هاوڕێ مەلا ستار بە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر چەکدارەوە بۆ فڕاندنی سامان حاجی فایەق هاتون.

دواتر و ئەمڕۆ یەک شەممە، ٢ی ٤ی ٢٠٢٣، جارێکی دیکە بەهەمان ٣ ئۆتۆمبیلی درع و ژمارەیەکی زۆرتر چەکدارەوە هەڵدەکوتنە سەر ئۆفیسی سەرەکیی بەڕێز سامان حاجی فایەق لەناو پرۆژەی نیشتەجێبونی شاری دایک و زیاتر لە ٣٠ خولەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقە دەکەن و دواتر برینداری لێکەوتۆتەوە و ئێمەش وەکو هەر هاووڵاتییەکی ئەم هەرێمە بەداخین و بریندارین لە ئاست ئەم ڕەفتارە نەشیاو و دوور لە یاسایەی ئەم پەرلەمانتارە، ئایا پەرلەمانتار پارێزەری ماڵ و حاڵی خەڵکە یان پێشێلکار و پەلاماردەر!

دواتر بۆمان دەرکەوت ئەو پەرلەمانتارەی کە خۆی یاسادانەرە و نوێنەری گەلە پێشێلی یاسای کردوە و چەکدارەکانی ڕاسپاردوە هێرشمان بکەنەسەر و لەلایەکی دیکەشەوە باس لەوە دەکات گوایە لەناوی شاری دایکەوە هێرشیان کراوەتەسەر، ڤیدیۆکان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن کە ئێمە لەناو پرۆژەی خۆمان بووین و ئەوان دەستدرێژیان کردوینەتەسەر و ویستویانە ئازارمان پێ بگەیەنن. ئێمە سەر لەبەری ئەم تۆمەتانە ڕەد دەکەینەوە و داوا لە یاسا و بەرپرسانی پەیوەندیداری پارێزگای سلێمانی و حکومەت دەکەین بەدواداچوون بکەن و مافمان بۆ بگەڕێننەوە و ڕێگە نەدەن شاری سلێمانی ببێتە جێگەیەک یاسای تیادا سەروەر نەبێت و بە میزاجی کەسی بابەتەکانت یەکلابکرێنەوە، چونکە ئەو کەسە بە پیشەی پەرلەمانتاری پەلاماری ئێمە و پرۆژەکانمانی نەداوە و لەو ڤیدیۆیەیش ڕوونە بە چەند ئۆتۆمبێلێک هەڵیاکوتاوە سەر ئەو هۆتێلەی کە خاوەندارێیتییەکەی بۆ گروپەکەمان دەگەڕێتەوە، گەر بڕواننە چەکی دەست و جل و بەرگەکانیان بۆتان دەردەکەوێت وەکو شەخسی هێرشیان کردوە! ئێمە سەیرە بەلامانەوە پەرلەمانتارێکی کوردستان خاوەنی زیاتر لە ٢٠ چەکدار و ئۆتۆمبیێلی درع بێت و چۆنی ویست وا هەڵسوکەوت بکات، بە فەرمی داوای ئیجرائات لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین بەرانبەر بە ڕەفتاری ئەم پەرلەمانتارەی. هاوکات، دەشپرسین ئایا دەکرێت پەرلەمانتاری باڵاترین دامەزراوەی ئەم هەرێمە بەو شێوەیە ڕەفتار بکات؟ ئایا کاتێک نوێنەرانی وڵاتان ئەم ڕووداوانە دەبیستنەوە چی بە هەرێمەکەمان دەڵێن؟ ئایا ئەمە پاداشتی پرۆژەکانمانە کە ویستومانە لە ڕێگەیانەوە خزمەتی خاک و هاووڵاتیان بکەین!
سامان حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ساوس کوردستان گروپ، دوپاتی دەکاتەوە کە کێشەی کەسیی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە نییە و تەنانەت دوای ئەوەی داوای داشکاندنی تایبەتی بۆ شوقەکەی کردوە و پەرلەمانتارەکە لەڕێگەی چەندین ژمارە تەلەفۆنەوە قسەی نەشیاوی پێوتوە، دیسان بڕیاریان داوە بە یاسا ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە.

ئەو جێگەیەی ڕووداوەکەی تیادا ڕوویداوە جێگەیەکی مەدەنییە و شاری نیشتەجێبوون و کارمەندانی گروپی کۆمپانیاکانی ساوس کوردستان کاری تیادا دەکەن، ئێمە دەپرسین: ئایا بۆچی بەوشێوەیە هێرش دەکرێتە سەر جێگەیەک کە هێزی سەربازیی تیادا جێگیر نەکراوە جگە لە کارمەندانی سێکیوریتیی پرۆژەکە کە لە هەموو پرۆژەیەک بوونیان هەیە، ئایا گەر شاری دایک و جێبەجێکارانی شاری دایک کەسانێکی ناشایستەن بۆچی ئەو پەرلەمانتارە لەناو ئەم پرۆژەیە شوقەی هەیە و نیشتەجێبووی ئەم پرۆژەیەیە کە پرۆژەی شاری دایکە.

ئەو پەرلەمانتارەی کە پاسەوانەکانی ڕاسپاردبوو بێنە سەر شاری دایک، باس لەوە دەکات کە بەهۆی لێدوانەکانی لەسەر وەبەرهێنەران ئەمەی لەگەڵ کراوە، ئێمە بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەکەینەوە کە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەدا نییە و ئەوە ئەو پەرلەمانتارەیە کە ویستویەتی کەسێکی مەدەنی لەناو کۆمپانیایەک بڕفێنێت، کاتێک کۆمپانیاکە نەچوەتە ژێر باری داواکارییەکانی.

جارێکی دیکە دەپرسین: گەر هاوڕێ مەلا ستار خاوەن حەقە بۆ ڕێگەی یاسا و دادگایی نەگرتۆتەبەر؟ خۆ ئێوە خۆتان بە کەسێکی مافپەروەر دەزانن! بۆچی دەتانەوێت بە هەڵکوتانەسەر ئەوەی مەبەستتانە بیسەپێنن؟

گروپی کۆمپانیاکانی ساوث کوردستان دوپاتی دەکاتەوە و داوا دەکات ئەم ڕووداوەش وەکو ڕووداوەکانی دیکە تێ نەپەڕێت و سەرپێچیکاران سزا بدرێن، لای خۆشمانەوە ڕێگەی یاسا دەگرینەبەر بەرانبەر بەم دەستدرێژی و تەعەدایەی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە کراوەتە سەرمان.

ساوث کوردستان گروپ
٢ی ٤ی ٢٠٢٣


PM:06:08:02/04/2023