هەڤاڵ ئەبوبەکر: هێرشی ئاسمانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی سەرکۆنە دەکەم

ئێوارەی ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت"سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین و ناڕەزایەتیی خۆمان بەرامبەر تێکدانی ئاسایش و ئارامیی پارێزگاکەمان؛ دەردەبڕین".


دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی  ڕایگەیاند، "پاراستنی ئارامیی هاووڵاتیان و ئاسایش و سەقامگیریی سلێمانی و هەرێمی کوردستان، ئەرکی هەموومانە بۆیە داواکارین هەموولایەک هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم ڕوداوە نەخوازراوانە".


هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی لەوەشکردووە، هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە؛ سلێمانی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئارامن و، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا  لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو  ڕێگرییانەی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، هاتونەتە ئاراوە.


 لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت، "بۆ جارێکیتریش داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بێنن و کوردستان نەکەنە قوربانی ململانێکانی خۆیان، داوا لە وڵاتانی ناوچەکەش دەکەین؛ سلێمانی و کوردستان نەکەنە شوێنی یەکلاکردنەوەی ئەجێندا تایبەتەکانی خۆیان".



PM:10:18:07/04/2023