لەسەر سەربڕینی کوژراوەکانی داعش، پێشمەرگە ئیدانەی دەکات بەبێئەوەی ناوی ئەنجامدەرانی ئاشکرابکات

هێزی پێشمەرگە سەربڕینی چەند کوژراوێكی داعش لە یەنگینجەی نزیک خورماتوو بەکارێکی قێزەون و نا مرۆڤانە دەداتە قەڵەم و هاوکات رایدەگەیەنن کە وێنەی ڤیدیۆی ئەو تاوانەشیان لایە.

رۆژی ٤ ئەیلول لە ناوچەی یەنگینجە پاش ئەوەی لە هێرشێکدا داعش دەشکێن و چەند لاشەیەکی کوژراوەکانیان جێدەهێڵن، میلیشیاکانی بەدر دەچن و لاشەی چەند کوژراوێکی داعش سەردەبڕن و وێنەی لەپەنادا دەگرن، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش ئەم روونکردنەوەیەی بڵاودەکاتەوە:
 
خەڵكی بەشەرەفی كوردستان‌و رای گشتی!
دوای تێكشكاندنی هێزە رەشە كوژەكانی داعش لەرۆژانی (31/8)‌و (1/9) پێشمەرگە شارۆچكەی یەنگجەی رزگار كردو بەڕەوشتی بەرزی پێشمەرگانە، سەرو ماڵی خەڵكی پاراست.

رۆژی (3/9/2014) پاشماوەی تێكشكاوی داعشەكان، دزەیەكیان كردەوە یەنگیجەو پێشمەرگە لێیان هاتەوە دەست‌و دیسان، بەزاندیانن‌و هەشت مەیت‌و هەمەرێكیشان لێ‌ جێهێشتن.

بەڵام رۆژی (4/9) بەبێ‌ ئاگاداری پێشمەرگە، هێزێكی چەكداری بێگانە، كاری ناشایستەی بەرامبەر تەرمی داعشەكان كردووە. كە رەفتاری وا دوورە لەخووڕەوشتی مرۆڤانەو هەڵسوكەوت لەگەڵ دیل‌و تەرم.

پێشمەرگە، لەكاتێكدا وێنەی ئەوكارە قێزەونەی بۆ مێژوو گرتووە، لەهەمانكاتدا، نەك بێبەری خۆی لەو رەفتارە رووندەكاتەوە، بەڵكو ئامادەیە، تەواوی ئەو شوێنانەی رزگار كراون‌و لەسایەی پێشمەرگەدان، بخاتە بەردەم رۆژنامەنووسان‌و هەرلایەكی چاودێری رووداوەكان‌و شەڕگەكان، بیانەوێ‌ لێكۆڵینەوە بكەن. وێنەی گیراوی ڤیدۆكانیش بۆ تاوانەكە لەبەردەستدایە.

داواشمان وایە، ئەو رووداوە دڕندەیە، لەلایەن كاربەدەستانی ئەو هێزە چەكدارەی ئەنجامیانداوە، بێ‌ لێپێچینەوە‌و سزای یاسایی تێنەپەڕێ‌. تەنها سزاش بەرپەرچدانەوەی تاوانە، نەك تاوان بەتاوان وەڵام بدرێتەوە.

لەگەڵ رێزماندا
ئاخاوتنی عەسكەری
هێزەكانی پێشمەرگە
5/9/2014



PM:02:26:05/09/2014