چەند کەسێکی نەناسراو لە ئەنقەرە و ئیزمیر هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی سەوزی چەپ کە کورد لە رێگای ئەو پارتەوە بەشداری هەڵبژاردنی تورکیا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فورات، لە ئەنقەرە و ئیزمیر هێرشکراوەتە سەر ناوەندەکانی هەڵبژاردنی پارتی سەوزی چەپ، بەرپرسانی ناوەندەکە ڕایانگەیاندووە" ئاڵاکانی پارتی سەوزی چەپ دڕێنران و لە بەرامبەر ناوەندەکەدا ئاڵای تورکیا هەڵواسراوە."
هەروەها لە ناوچەی مەنەمەنی ئیزمیر لەلایەن دوو هێرشبەرەوە هێرشکرایە سەر ناوەندی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەو هێرشە، لە تۆڕی میدیای دیجیتاڵیش بڵاوکرایەوە.
لەبەر ئەوەی تەمەنی هێرشبەرەکان کەم بووە، بەڕێوەبەرانی حزبەکە سکاڵایان لە دژیان تۆمار نەکردووە.
وا بڕیارە ڕۆژی ١٤ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەلەمان و سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجام بدرێت و لە ١٨ی ئادارەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە.