شێروان شێروانی دووبارە بەدەست و پێ کەلەپچەکراوی هێندرایە بەردەم دادگای هەولێر

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیکراوانی بادینان رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژنامەنوس شێروان شێروانی جارێکی دیکە بە دەست و پێ کەلەپچەکراوی هێندرایە بەردەم دادگا و لەژوری دادوەر وتەکانی لێوەرگیرا و سەرجەم ئەو تۆمەتانەشی ئاڕاستەی کرابوون رەتیکردەوە". 

بەشدار حەسەن پارێزەری زیندانیكراوانی بادینان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا  نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕایگەیاند"دوای ئەوەی لە بەردەم بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر کەلەپچەکانیان لێکردەوە و وتەکانی لێ وەرگیرا. 

وتیشی: شێروان شێروانی بە ئازادانە وتەکانی خۆی دا لە ژووری بەڕێز دادوەر و بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئەندامی داواکاری گشتی و لێکۆڵەرەوەی دادی و کاک زەیتۆ سیان نوێنەری یۆنامی و بەندە و پارێزەران باڤێل شێرزاد و کارزان محمدامین.

ئەم پارێزەرە ئەوەشی ڕونکردەوە" لەسەر دوو کەیس شێروان شێروانی هێنرایە بەردەم دادوەر، یەکەمیان، سکالای ئەفسەرێکی ناو چاکسازی بەپێی ماددە ٢٢٩ و دوەمیان تۆمەتێکی خراوەتەپاڵ بە ماددە ٢٨٩-٢٩٨ گوایە تەزویری کردووە بە پەنجەمۆرێک لە جیاتی گوهدار زێباری، بەڵام رۆژنامەنوس شێروان شێروانی هەردوو تۆمەتی ڕەتکردەوە و وتی: "من بێ تاوانم لەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵم".



PM:04:50:25/04/2023