دوو تۆمەتبار بەتۆمەتی هەڵكوتانە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەستگیركران


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، مەفرەزەكانیان دوو تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە هەڵیانكوتابووە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی پرسگەی نەخۆشخانەكەیان بەفیشەك بریندار كردبوو.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "دوای ئەوەی كاتژمێر 10:30 خولەكی شەوی ڕابردو دوو كەس كە لەژێر كاریگەری ماددە كحولییەكاندا بوون و دەیانویست سەردانی منداڵێك لەنەخۆشخانەی منداڵان بكەن، بەڵام لەلایەن پۆلیسی نەخۆشخانەكەوە ڕێگرییان لێكراو پێیان ڕاگەیەندرا كە وادەی سەردانیكردنی نەخۆش كۆتاییهاتوە و منداڵە نەخۆشەكەش، دایك و باوكی لەلایەو پێویست ناكات ئەوان بچنە لای، بەڵام كاتژمێر 1:30 خولەك تۆمەتبارەكان دەگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەكەو تەقە لەپۆلیسێك و كارمەندێكی پرسگەی نەخۆشخانەكە دەكەن و برینداریان دەكەن".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو تۆمەتباری سەرەكی كە تەقەی كردبوو دەستگیركرا و ئەو كەسەی كە لەگەڵیدا بوو هەڵات، توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكەی تریش دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو".



AM:10:44:26/04/2023