رۆژنامەیەکی فەرەنسی: داعش بە نرخی یەک لەسەر چوار نەوت هەناردەی تورکیا دەکا

بەپێی رۆژنامەی "لاکروئا"ی مەسیحی لە فەرەنسا داعش لە سەرەتادا بە هاوکاریی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی هاوکاریی میرنشینەکانی کەنداو رۆحی بەبەردا کرا. ئەمڕۆش بەنهێنی لەلایەن هەندێک کەسەوە هاوکاری دەکرێن، بەڵام ئەستەمە بڕی ئەو هاوکارییە دەستنیشان بکرێت.

 لاکروئا ئاماژەی بەوەشکردوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بڕیارنامەیەکدا رێگاکانی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی ئەو گروپە دادەخات. چونکە سەرچاوەی دارایی گرنگترین خاڵە، کە بەهێزبوونی گروپێک دروست دەکات. 

وەک رۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە کاتێک ئەو گروپە چووە ریزی یاخیبوەکانی سوریاوە لە لایەن سعودی و قەتەرەوە پشتیوانیی داراییان لێکرا، چونکە ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە بەرهەڵستکارەکانی ئەسەد دەکەن و داعشیش یەکێک لەو گروپانەیە. رێکخراوە مەدەنییە (ئێن جی ئۆ) ئیسلامییەکان و خزمەتگوزارییە تایبەتەکانیان رۆڵی هەبوە لە دابینکردنی ئەو هاوکارییانەدا.

تورکیاش بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی لە بەهێزکردنی ئەو گروپەدا هەیە، سەرباری ئەوەی ئەنقەرە راستەوخۆ هاوکاریی پێشکەشی داعش نەکردوە، بەڵام رێگای داوە بە رۆیشتنی چەک لە خاکەکەیەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سوریا. بەشێکیش لەو چەکانە کەتوەتە دەستی داعش.

بەپێی ژمارەیەک لە شارەزایانی ئەو بوارە تەنانەت داعش سوودی لە هاوکارییەکانی بەشار ئەسەد وەرگرتوە، چونکە سوریا ئەو گروپە جیهادییە لەلا باشتر بوە لە سوپای ئازادی سوریا. یەکێک لەو شارەزایانە دەڵێت بە چاوی خۆی بینیویەتی رژێمی ئەسەد سەنگەری شۆڕشگێڕەکانی لە حەڵەب بۆردومان دەکرد، بەڵام هێرشی نەدەکردە سەر سەنگەری جیهادییەکان. هەڵبەت سوپای سوریا ماوەیەکی دواتر و درەنگ وەخت چەند سەنگەرێکی داعشی بۆردومان کرد و چەند ئەندامێکی لێ کوشتن.

لەئێستادا سەرچاوە داراییەکانی داعش (هیچ نەبێت سەرچاوە داراییە نێودەوڵەتییەکان)ی وشک بووە و ئەو گروپەش کەوتوەتە جەنگ لە دژی گروپە شۆڕشگێڕەکانی دیکە.

سعودیەش بە گۆڕانکاری لە هەڵوێستەکانیدا و لە ئێستادا (٦٠٠) ملیۆن دۆلار هاوکاریی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە تاوەکو هاکاریی ئەو پەنابەرانە بکەن، کە چەنگی داعش هەڵدێن. هەروەها (١٠٠) ملیۆن دۆلاریشی بۆ بەشداریکردن لە جەنگ لە دژی داعش تەرخانکردوە. بەڵام کەسەکان بە شیوەی تایبەت لەو وڵاتەدا و لە کوێت و تەنانەت لە تورکیا تا ئێستاش هاوکاری پێشکەش بە داعش دەکەن. پێشتر داعش دەستی بەسەر بڕێک کەرەستەی جەنگیی سوپای عێراقدا گرتوە، کە بە دوو ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. هەروەها سەدان ملیۆن دۆلاری لە بانکی ناوەندی موسڵ بردوە. داعش لە رێگەی سەندنی  باج لە خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکان بڕێکی باش داهاتی دەستی دەکەوێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە توانا داراییەکانی بەرز بکاتەوە. هەروەها نەوتیش بە نرخی یەک لەسەر چوار بۆ تورکیا هەناردە دەکات.




PM:10:22:07/09/2014