داوا دەکرێت مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە

کەسایەتیەکی یاسایی و سیاسی ناسراو بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی هەرێم کە بەبن بەست گەیشتووە، داوا دەکات مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە پۆستەکانیان( سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆک حکومەت) دووربخرێنەوەو، دوو کەسایەتی دابنێری کە پێکەوە بتوانن کاربکەن.

لەتیف مستەفا پەرلەمانتار و کەسایەتی یاسایی ناسراوی هەرێم لە نووسینێکدا دەڵێت " دۆخی سیاسی و حوکمڕانی لە ھەرێم لەم کابینەیەدا گەیشتۆتە بن بەست، پێ دەچێ چیتر ھەردوو سەرۆکی تیمی یەکێتی و پارتی « سەرۆکی وەزیران و جێگرەکەی » پێکەوە دانویان لە مەنجەڵی حوکمڕانیدا نەکوڵێت".

لە درێژەی نووسینەکەیدا ئەو کەسایەتییە دەڵێت" حکومەت و پەرلەمان ماوەیان بەسەرچوەو شەرعیەتیان نەماوە و ھەرێم لەسەر لێواری لێک ھەڵوەشانە لەسایەی ئەم عینادی و سواری سەرخۆبوونەی ھەردولا و پێداگیریان لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆیان کە فڕی بەسەر بەرژەوەندی خەڵکەوە نییە ، ھەرێم و خەڵکەکەی لە دۆخێکی زۆر خراپدان. لە ھەموو دنیادا لە حاڵەتی وادا قوربانی بەکەسەکان دەدرێت لە پێناوی ئامانجی باڵاتر".

لەتیف مەستەفا پیشنیاری خۆی دەخاتەڕوو و دەڵێت" بۆ چارەسەری ئەم دۆخە پێم وایە یەکێک لە پێشنیارەکان بریتی بێت لە وازھێنان یان وازپێ ھێنانی سەرۆکی حوکمەت مەسرور بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی لەپۆستەکانیان و، دانانی دوو کەسی ترە لە یەکێتی و پارتی کە توانای لێک تێگەیشتن و پێکەوە کار کردنیان ھەبێ رابسپێردرێن بۆ پێک ھێنانی حکومەتێکی کاتی کاربەڕێکەر بۆ ئەنجامدانی ھەلبژاردنەکان و پێک ھێنانی پەرلەمان و حکومەتی تازە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی گۆران دەشڵێت " لە روانگەی ئەوەی ئەم دوو حیزبە رێگا بە پێک ھێنانی حکومەتی بێلایەن نادەن و حکومەت وەک موڵکی تایبەتی خۆیان تەماشا دەکەن با لانی کەم لە ئەندامانی دوو بنەماڵەکە نەبن »".

لەتیف مستەفا پلانی تریشی هەیە کە دەڵێت " ئەگەر ئەوە نەکەن ھەلمەتێکی میللی بەرپابکرێ، کە ئەم دەسەلاتە شەرعیەتی نەماوەو وەفدی مەدەنی دوور لە حیزبەکان لە کەسانی سەربەخۆو مامۆستایان و پزیشکان و مامۆستایانی زانکۆ و پارێزەران و کرێکاران و جوتیاران و قوتابیان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانان و نوێنەرانی سەرجەم چین و توێژەکان پێک بھێنرێ و بچن و بەناوی خەلکی کوردستانەوەداوا لە ئەمەریکاو نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان و حکومەتی عێراق بکرێ ، ئەمانە کەنار گیر بکەن و خۆیان دەسەڵاتێکی کاتی پێک بھێنن بۆ سەرپەرشتی کردنی ھەلبژاردنەکان ، چونکە حکومەتی عێراق بە گوێرەی دەستوری عێراق و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بە گوێرەی بریاری ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمەریکاش وەک پابەندی مۆراڵی و شوانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و کوردستان بەرپرسن لە دیموکراتیەت و شەرعیەتی سیستەمی سیاسی لەھەرێمی کوردستان" .

لەتیف مستەفا وەک کەسایەتییەکی یاسایی ئامادەی خۆشی بۆ هەر ئەرکێک لەو بوارەدا پێشان دەدات و دەڵێت"
من وەک خۆم ئامادەم بۆ کارێکی لەوجۆرە".

ماوەی ٧ مانگ زیاترە قوباد تاڵەبانی و ستافی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووەو، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ناتوانن لەگەڵ مەسرور بارزانی کاربکەن، هەرچی ستافی پارتیشە دەڵێن" داهاتی سلێمانی گەندەڵی تێدا دەکرێت، هەروەها کەیسی کوژران هاوکار جافیش دەبێت دادگا رێوشوێنی خۆی بگرێت لە دەستگیرکردنی تۆمەتباراندا".



PM:08:39:30/04/2023