دەسەڵاتی دادوەری عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ بکوژی هیشام هاشمی دەرکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، دەسەڵاتی دادوەری عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ بکوژی شارەزای ناسراوی ئەمنی هیشام هاشمی دەرکرد.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند" دادگای تاوانەکانی ڕەسافە لە بەغداد سزای لە سێدارەدانی بەسەر ئەو کەسەدا سەپاند کە بە تاوانی کوشتنی هیشام هاشمی شاره‌زا و چاودێری بواری ئه‌منی و سیاسی دەستگیرکرابوو". 

لای خۆشیەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" دادگای تاوانەکانی ڕەسەفە سزای لە سێدارەدانی  لە دژی تاوانبار (ئەحمەد حەمداوی عەواید) دەرکرد لەسەر تاوانی کوشتنی شارەزای ئەمنی (هیشام هاشمی)". 

ئاماژەی بەوەشکرد" دادگا بڕیارەکەی لەسەر بنەمای بڕگەکانی مادەی ٤/١ و لە چوارچێوەی مادەی ٢/١/٣ی یاسای دژە تیرۆری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٥ دەرکردووە".

هیشام هاشمی، چاودێری سیاسی و ئەمنی دیاری عێراق شەوی ٦ی تەموزی ٢٠٢٠ دەستڕێژی گولەی لێکرا و لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی زیونەی رۆژهەڵاتی بەغدا کوژرا، ئەو روداوەش کاردانەوەی سەرکردەکانی عێراق و ناوەندە زانستی و رۆژنامەوانییەکانی لێکەوتوەتەوە و ئیدانەی ئەو رەفتارەیان کرد. 

هەروەها لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢١ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەستگیرکردنی بکوژانی هاشمی ڕاگەیاند، پاشان دانپێدانه‌كه‌ی له‌ رێی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بڵاوكرایه‌وه‌.


PM:01:33:07/05/2023