بەریتانیا پەیامێكی بۆ كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بڵاوكردەوە


كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بۆ كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەربڕیوە و هیوادارە ئەمە سەرەتای پڕۆسەیەكی رێككەوتنی ئاشتەوایی و هاوكاری بێت كە رێگە بە حكومەت بدات بەشێوەیەكی كاریگەر كار بكات.

رۆزی كەیف، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاندووە "خۆشحاڵم كە بینیم ئەمڕۆ سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران كۆبوونەوە، هەنگاوێكی سەرەتایی گرنگە بۆ پێشكەوتن لە پرسە سەرەكییەكان لەڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە حكومەتێكی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێراقدایە".

كەیف وتویەتی "هیوادارم ئەمە سەرەتای پڕۆسەیەكی رێككەوتنی ئاشتەوایی و هاوكاری بێت كە رێگە بە حكومەت بدات بەشێوەیەكی كاریگەر كار بكات و كار بۆ هەموو هەرێم بكات".

ئەمرۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری كۆبوونەوە و رایانگەیاند "لە كەشێكی ئەرێنیدا تاوتوێی كێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەكانی بەردەم حكومەتی هەرێممان كرد و هەردوولا كۆك بووین لەسەر چارەسەریی گشت كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوكاری نێوان گشت كوتلە وەزارییەكانی ناو كابینە". 



PM:08:11:08/05/2023