دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی جیاوازی نێوان تۆماری دەنگدەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  ئەمڕۆ سێشەممە ئامادەیی حزبەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دووپاتکردەوە و دەڵێت" هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی كوردستانە". 

ڕزگار حاجی حەمە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەوەی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە داوای دەکات، بۆ پاراستنی مافی دەنگدەرەو داوای بەشێکی زۆری لایەنەکانی دیکەشە، چونکە ئەگەر بەیاسای پێشوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت نادادییەکی زۆر بەدیدەکرێت و مافی دەنگدەرێکی زۆر لەسنوری پارێزگای سلێمانی پێشێل دەکرێت

ئاماژەی بەوەشکرد" لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لایەنە سیاسییەکان پشتگیری لە پێشنیازەکانمان دەکەن، چونکە یاسای هەڵبژاردن زۆر کۆن بووە و پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، بە تایبەتی سەبارەت بە هەڵبژاردن".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" پێویستە پشکی کەمینەکان لە یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنەکاندا بەپێی سەرژمێری دانیشتوان هەموار بکرێتەوە، هەروەها پێکهاتەکە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەبێت لە پەرلەمان بەپێی ژمارەی دانیشتووانیان".

ئەو بەرپرسەی بەشی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، حزبەکەی" پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو تۆمارەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەکاردەهێنرێت بەپێی تۆماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت کە پشت بە سیستمی بایۆمەتری و ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوەی دەنگەکان دەبەستێت".

"تۆماری دەنگدەرانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان جیاوازییەکی زۆری تێدایە، بە جۆرێک لە سنوری پارێزگای سلێمانی ٤٠ هەزار دەنگ و لە هەولێر ١٤ هەزار دەنگ و لە دهۆک پێنج هەزار دەنگ کەمتر بەراورد بە تۆماری عیراق تۆمارکراون"، (رزگار حاجی حەمە) وایوت.

وتیشی" لە ژمارەی دانیشتوانیشدا نادادی بەرامبەر بە سلێمانی کراوە و جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تۆماری دەنگدەرانی هەرێم و عیراقدا هەیە بە جۆرێک، لە سلێمانی ١٢٨ هەزار کەس لەناو تۆماری دەنگدەرانی هەرێم کەمکراوەتەوە و بە پێچەوانەوە لە هەولێر ١٩٨ هەزار کەس و لە دهۆکیش ٢١٦ هەزار کەس لەناو تۆماری دەنگدەرانی هەرێمدا زیادکراوە".

ڕاشیگەیاند" لە ژمارەی کورسی پارێزگاکانیشدا جارێکی دیکە غەدر لە سلێمانی کراوە، بە جۆرێک لە ئێستادا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی ٣٧ کورسی دانراوە لەکاتێکدا بەپێی سەرژمێری دانیشتوانەکەی پێویستە ژمارەکە ٤٥ کورسی بێت، بەپێچەوانەوە کورسییەکانی هەولێر و دهۆک لە پەرلەمانی کوردستان بەراورد بەسەرژمێری دانیشتوانەکەی زیاترە بە جۆتێک لەئێستادا ٤٤ کورسی بۆ هەولێر دانراوە کە پێویست بوو ٣٩ کورسی بێت هەروەها بۆ دهۆک دووبارە بەپێی سەرژمێری دانیشتوانەکەی پێویست بوو خاوەنی ٢٧ کورسی پەرلەمان بێت، بەڵام ژمارەکەی زیاترە و لە ئێستادا خاوەنی ٣٠ کورسییە، بەمەش سلێمانی بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی هەشت کورسی کەمتر لە پەرلەمانی کوردستان بەرکەوتووە، بەڵام بۆ هەولێر ٥ کورسی زیاتر و بۆ دهۆکیش ٣ کورسی زیاتر دانراوە".


PM:01:39:09/05/2023