بانگەشەی هەڵبژاردنی توركیا كۆتایی هات


بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری توركیا كۆتایی هات و سبەینێ هاوڵاتیان روو لە سندوقەكانی دەنگدان دەكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، كۆتایی هاتنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەی راگەیاند.

بڕیارە سبەینێ كاتژمێر 8ی بەیانی هەڵبژاردنی سیانزەیەمین سەرۆكایەتی كۆمار و 18یەمین خولی پەرلەمانی توركیا دەست پێدەكات كە 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریكردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە، هەروەه 24 پارتی سیاسی لیستی كندیدیان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەكەی دیكەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەكانەوە.

هەریەك لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار، كەمال كڵچدارئۆغڵو، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت لە كێبركێدان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 كەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 دەنگدەر لەناوخۆی توركیا و 3 ملیۆن و 416 هەزار و 98 دەنگدەریش وەك رەوەندی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی توركیا مافی دەنگدانیان هەبوو.  



PM:06:49:13/05/2023