هاوسەرۆکی هەدەپە داوای پاراستنی دەنگەکان دەکات

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ڕایدەگەیەنێت" پێویستە خاوەندارییەتی لە دەنگەکانمان بکەین و بیانپارێزین". 

مەتحەت سنجار هاوسەرۆکی هەدەپە و هاوسەرەکەی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەنگی خۆیاندا و سنجار لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان رایگەیاند" گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژووی تورکیادا ئەنجام دەدرێت، دەنگمان بە گۆڕانی دیموکراسی و ئاشتی دا، ئێمە پێمانوایە هەموو هاوڵاتیانمان بە زانینی بەرپرسیارێتی دیموکراسی مامەڵە دەکەن". 

جەختیشیکردەوە، لە تورکیا بە ئیرادەى خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا ڕێگری لە سیستەمێکى دیکتاتۆر بگرێت کە بۆ هەموو وڵاتان ببێتە نموونە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەمووان خاوەندارییەتى لە سندوقەکانى دەنگدان بکەن و بەرپرسیاریەتى خۆیان بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەى سەردەمێکی نوێ دەستپێبکات.

لە کاتژمێر (٨:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆوە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی تورکیا لە باکوری کوردستان و تورکیا دەستیپێکردووە،  لە هەڵبژاردنەکەدا ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ هەزار و ٨٤٣ دەنگدەر دەگدەدەن، لەو ژمارەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٦٧٢ دەنگدەر بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن. 


PM:03:31:14/05/2023