ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بەردەوامە لە دابەزین

بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابەزین. 

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دابەزیووە، ئەمەش لە رێکەوتی ٢٥ی مانگی ئازاری ئەمساڵ دادگای نێوبژیوانیی ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری لەسەر دۆسیەی نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی تورکیا دا و بڕیارەکەش لە بەرژەوەندی عێراق بوو.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانیی ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، بەشی گواستنەوەی نەوتی سەر بە وەزارەتی عێراق نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی بەشی جووڵەی نەوت کرد لە بەندەری جەیهان لە تورکیا و هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.

ئەوە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا چەندین جار وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمیان راگەیاندووە.

هاوکات تورکیا رایگەیاندووە، چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵی بۆریە نەوتییەکانی بەندەری جەیهان لە ئەنجامی بوومەلەرزە بەهێزەکەی مانگی شوبات دروستبووە و پێویستی بە چارەسەر هەیە.

بەپێی داتا و زانیارییەکان، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی مانگێکدا ١٩٠ ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتی گشتیی عێراق و زیاتر لە ١٢ ملیۆن دۆلار بە کەرکوک دەگەیەنێت، ئەوە سەرباری داهاتی ئەو ٣٧٨ هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە هەرێمی کوردستان هەناردەی دەکرد، کە لە ٣٠ رۆژی راگرتنی هەناردەکەیدا زیانی ٦٤٢ ملیۆن و ٩٧٨ هەزار دۆلاری بە داهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە.



PM:11:47:22/05/2023