دەست بە ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری فەرمی پەرلەمانی کوردستانیان لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێگەیشتووە و ئەوانیش دەستدەکەن بە ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ـی ئایاری ٢٠٢٣، هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند:"بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەنگاوێکی گرنگە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن داوای نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بووە".

هەر لەم بارەیەوە هەندرێن محەممەد ڕوونیشیکردەوە، نووسراوی فەرمی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێگەیشتووە و مامەڵەی فەرمی لەگەڵ دەکەن؛ "بڕیارەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە، بڕگەی یەکەم تایبەتە بە بەردەوامبوونی هەر حەوت ئەندامەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و بڕگەی دووەمیشیان، دوو کەسی دیکە وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەستنیشانکروان و ئێستا ئەنجوومەن بە نۆ ئەندام کاراکراوەتەوە". 

گوتیشی: "ئێمە (کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان) دامەزراوەیەکی دەستوورین و مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەکان دەکەین، ئەوەی لە پەرلەمان بۆمان بێت، ئێمە جێبەجێی دەکەین".

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وتی: "بڕیارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمیسیۆن دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات. ئامادەکارییەکان سەرەتا دارایی و کارگێڕیی دەبن، تاوەکو دەگاتە رۆژی هەڵبژاردن، چونکە پێویستە چاوێکمان لەسەر پەرلەمانیش بێت، تا ئێستا گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچوونی بەردەوامن. ئەوەی ئێستا لەسەر کۆمیسیۆنە، دەست بە ئامادەکاریکردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی راسپاردووە، هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن بکەن بۆ ئەوەی باشترین ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکرێت.



PM:03:32:23/05/2023