"ناتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە یەککاتدا بکەین"

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند "ناتوانێت هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا بەڕێوەببات کە بڕیارە رۆژی ٢٠ی مانگی ١٢ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق میوانداری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی کرد.

یەكێك لەو بابەتانەی تاوتوێکران، سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەوەی خستووەتەڕوو کە ناتوانن هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەڕێوەببەن، جەختیان کردەوە کە لەرووی تەکنیکیەوە ناکرێت.

بڕیارە رۆژی ٢٠ی ١٢ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق ئەنجام بدرێت.


PM:05:16:31/05/2023