چەتۆ ساڵح: پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم، هێڵی سورو شكۆی تێكڕای گەلی كوردستانە


لیوا چەتۆ ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، واجبی ئەخڵاقی و سیاسەتی یەكێتیە پارێزگاری لە قەوارەو ئەزمونی هەرێم بكات، چونكە ئەوە هێڵی سورو شكۆی تێكڕای گەلی كوردستانە.

لیوا چەتۆ ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بریكاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیدا نووسیویەتی "بێباكی و  نەبوونی ئەزموون و ستراتیژی ڕوون لە ئێستادا، گومان پەیدا بووە لە مانەوەی پێگەو شكۆی یەكێتی، واجبی ئەخڵاقی و سیاسەتی یەكێتیە پارێزگاری لە قەوارەو ئەزمونی هەرێم بكات، چونكە ئەوە هێڵی سورو شكۆی تێكڕای گەلی كوردستانە".

ناوبراو روونیكردۆتەوە، گومانی تێدا نییە گۆرانكاریەكانی دنیا و ناوچەكە ئەوە دەخوازێ یەكێتی وردترو تیژتر ڕوداوەكان ببینێ، نەخشەڕێگای هەبێ بۆ دەربازی گەلی كوردستان و مانەوەی  پێگەی خۆی بە بەهێزی لەسەر ئاستی ناوخۆ و عیراق و ناوچەكە. هه روها "واجبی ئەخڵاقی و سیاسەتی یەكێتیە پارێزگاری لە قەوارەو ئەزمونی هەرێم بكات چونكە ئەوە هێڵی سورو شكۆی تێكڕای گەلی كوردستانە".

لیوا چەتۆ دەڵێت "بیركردنەوەی لۆكاڵی، تەسكبینی سیاسی، نەبونی ڕوئیایی ڕوون و بەردەوامبوونی ناسەقامگیری ڕێكخراوەیی ناوخۆیی غەدرە لە خوێنی شەهیدان".

هەروەها وتویەتی "(ی.ن.ك ) لەسەردەمی (مام ) بەهۆی ڕێبازی ڕوون و سیاسەتی ڕاست چەند  لەلایەن دوژمنان گەلەكۆمەكی لێكرابێ، هاوشێوەی گەنم چەند هاڕدرابێ سپی تر بووە، بەڵام مخابن بێباكی و  نەبوونی ئەزموون و ستراتیژی ڕوون لە ئێستادا، ترس كەوتۆتە دڵی تێكۆشەرە ڕەسەنەكان، گومان پەیدا بووە لە مانەوەی پێگەو شكۆی یەكێتی لە ئایندەی هەڵبژاردنەكان".



PM:11:46:01/06/2023