رێبەر ئەحمەد: ئەو کەسانەی رەخنە لە کامێرای (پۆینت تو پۆینت) دەگرن پۆپۆلیستن

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەبارەی کامێرای پۆینت تو پۆینت ڕایدەگەیەنێت" ئەو پۆپۆلیستانەی کەوا دەڵێن خەڵک زەرەرمەند دەبێت بیر لە سەلامەتی هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکان ناکەنەوە".

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە میانی کردنەوەی پەیمانگەی راهێنان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کامێرای پۆینت تو پۆینت رایگەیاند" لێناگەڕێن خەڵکی پسپۆڕ کاری خۆی بکات و دامەزراوەکانی حکومەت کار خۆیان بکەن".

وتیشی" مەبەست لە دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت بۆ پاراستنی سەلامەتی رێگاکان و هاوڵاتیانە، ئەوەش بە کۆنتڕۆڵکردنی تیژڕەویە لە رێگەی کامێراوە، ئەو کامێرانەی پێشتر هەبوون کۆن بوون و لەگەڵ سەردەم نەدەگونجا".

ڕاشیگەیاند" ئەو کەسانەی خۆیان کردوەتە پسپۆڕ و شارەزا لەم بابەتە لە هەر شوێنێک دەتوانن هاوکاری حکومەت بکەن دەبێت هاوکار بن نەوەکو رێگری لێبکەن".

دەشڵێت" ئەو پۆپۆلیستانەی کەوا دەڵێن خەڵک زەرەرمەند دەبێت بیر لە سەلامەتی هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکان ناکەنەوە، بۆیە حەق وایە ئەوکارە بۆ خەڵکی پسپۆڕ لێبگەڕێن و هەموو سیاسی و پەرلەمانتار و خەڵکی دور لە واقعی هاتووچۆ باسی دەکەن".

لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی خستنە کاری کامێراکانی پۆنت تو پۆینتی ڕاگەیاند. 


PM:03:13:04/06/2023