دادگای ئەورپا داوای ئازادکردنی دەمیرتاش‌و یوکسەکداغ دەکات


دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە دەکات، ئەمە یەکەم داوای ئەو دادگایەیە دوای هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان.
 
دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، دوا بڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەی سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان ئەمڕۆ سێ شەممە رایگەیاند.

 دادگای ئەوروپی رایگەیاند" تورکیا پێشێلکاریی لە ماددەکانی چوار و پێنجـی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا کردووە".

لەلایەکی ترەوە دوای بڕیارەکەی دادگای ئەوروپاش، هەدەپە لە هەژماری فەرمی تویتەری خۆیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازادبکرێن.

لە راگەیەندراوەکەی هەدەپە باس لەوە کراوە، دووبارە دادگا بڕیاری پێشیلکردنی مافەکانی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەی داوە و تا بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ نەکرێن، تاوانەکان بەرامبەر بە دەمیرتاش و یوکسەکداغ بەردەوام دەبێت.

هەدەپە لەو راگەیەندراوەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، "هەرچی زووە دەبێت دەمیرتاش و یوکسەکداغ و ئەندامانی دیکەی زیندانیکراو ئازاد بکرێن".

تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتاری سەرکەوتنی هەڵبژاردنەوەی لە ٢٨ ی ئایاردارایگەیاند کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەودا هەرگیز سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد ناکرێت.

لە ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ یوکسەکداغ ونۆ پەرلەمانتاری دی دەستگیرکران.



PM:07:23:06/06/2023