کەجەکە بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکانی هەڵوەشاندەوە

کەجەکە ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە دژی گەریلاکانی ئازادی و گەلی کورد بە گشتی، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکانمان هەڵوەشاندووەتەوە". 

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لەبارەی بڕیاری قۆناغی ڕاگرتنی چالاکییەکانیان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" وەک دەزانرێت لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣دا دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڕوویاندا، دوای ئەوەی زانیمان لێکەوتەکانی بوومەلەرزەکە زۆر دژوارن، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆی خۆمان بە جێگەیاند و بڕیارمان دابوو تا ئەو دۆخە دژوارە مرۆییە کۆتایی دێت، چالاکییەکانمان ڕابگرین، ئێمە ئەو بڕیارەمان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، داوامان لە سەرجەم هێزەکانمان، هەروەها هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکانی لە دەرەوەی خۆمان کردبوو کە لەبەر هەمان هۆکار بەتایبەتی لە شارەکان چالاکی نەکەن".

ئەوەش هاتووە" لە سلێمانی بە شەهیدکردنی هاوڕێمان باران ئاڤرێل (حسێن ئاراسان) ئاشکرا بوو، کە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە، پێویستە کە لە دژی ئەو شەپۆلەی هێرشی فاشیست لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی چالاک بەڕێوەببرێت و گورز لە دوژمن بوەشێندرێت، لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئێمە ڕایدەگەیەنین لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆتایی بە بڕیاری وەستاندنی چالاکی دەدەین". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

وەک دەزانرێت لە ٦ـی شوباتی ٢٠٢٣دا دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڕوویاندا، دوای ئەوەی زانیمان لێکەوتەکانی بوومەلەرزەکە زۆر دژوارن، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمان بە جێگەیاند و بڕیارمان دابوو تا ئەو دۆخە دژوارە مرۆییە کۆتایی دێت، چالاکییەکانمان ڕابگرین، ئێمە ئەو بڕیارەمان بۆ ڕای گشتیی بڵاوکردەوە، داوامان لە سەرجەم هێزەکانمان، هەروەها هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکانی لە دەرەوەی خۆمان کردبوو کە لەبەر هەمان هۆکار بەتایبەتی لە شارەکان چالاکیی نەکەن.

لەم قۆناغەدا جگە لە خۆپاراستن لە بەرامبەر هێرشەکان ئەوان چالاکی ئەنجام نادەن، هەپەگە و یەکینە سەربازییەکانمان سەرجەمیان بە گوێرەی ئەو بڕیارەی بزووتنەوەکەمان جوڵانەوە.

لەکاتێکدا کە هێشتا کاریگەریی دژواری بوومەلەرزە لەئارادابوو، تورکیا پێینایە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، لەم هەڵبژاردنەدا کە هەم گەلی کورد و هەمیش کۆمەڵگای تورکیا بە گرنگی دادەنا، بۆ ئەوە بوار بۆ ئاژاوەگێڕی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست نەڕەخسێت و لە هەڵبژاردندا ئەنجامێک لە بەرژەوەندی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکاندا بەدەستبهێندرێت، ئێمە هەڵوێستێکی لەو جۆرەمان گرتەبەر کە تا دوای هەڵبژاردن بڕیاری ڕاگرتنی چالاکی درێژبکەینەوە و ئەو بڕیارەشمان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

بە دڵنیاییەوە گەلەکەمان، وڵاتپارێزان، ڕێکخراوە کوردییە دیموکراتیکە دۆستەکان، زۆر کەسایەتی، هێزی دیموکراسیی لە تورکیا، زۆر هێز و دامەزراوە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و هەرێمی و ڕای گشتیی دیموکراتیک ئەو بڕیارەی ئێمەیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و پشتیوانیان لێکرد، بەڵام دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هێرشەکانی خۆیان بەمەبەستی داگیرکردن، پاکتاو و کۆمەڵکوژرکردن زیاتر کرد و ئەو بڕیارەی ئێمەیان لەباربرد.

دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لەو ماوەیەدا هەرگیز هێرشەکانیان ڕانەگرت، هێرشیان کردە سەر گۆڕەپانەکانی گەریلا، چەکی قەدەغەیان بەکارهێنا، جگە لە گۆڕەپانەکانی گەریلاش هێرش و کۆمەڵکوژیی لەسەر کوردان لە باشوور، شەنگال، مەخمور و ڕۆژئاوا درێژە پێدا، لە تورکیا و باکووری کوردستانیش هێرشەکانی بۆ سەر گەل و سیاسەتی دیموکراتیک زیاتر کرد، گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی دژوار بەردەوامبوو، بە کورتی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لە چوارچێوەی کۆنسێپتی پاکتاو و کۆمەڵکوژیدا هێرشەکانی بۆ سەر بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان زیاتر کرد و گۆشەگیریی لە سەر ڕێبەر ئاپۆ زیاتر قورس کرد.

گەریلا لەو ماوەیەدا سەرباری هێرشە زۆرەکانی سوپای تورکیش بە گوێرەی بڕیاری بزوتنەوەکەمان جوڵایەوە، بەڵام هێرشەکانی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە ئەو بڕیارەی ئێمەی بێ واتا کرد، لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئێمە کە بە واتای پاڵپشتییە لە پرۆسەی سیاسی، ویژدانی و مرۆیی، ئۆپۆزسیۆن لە تورکیاش مامەڵەیەکی بەو جۆرەی نەنواند کە وەڵامی هەڵوێستەکەمان بداتەوە، بەردەوامبوو لە سەر مامەڵەی نەتەوەپەرستانە و بەرتەسکی خۆی و جیاوازییەکی لە نێوان خۆی و دەسەڵات نیشان نەدا.

بە گوێرەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی، هەروەها بۆ ڕێگریی لە ئاژاوەگێڕیی لە کاتی هەڵبژاردندا، بە مەبەستی بەهێزکردنی بواری کایەی سیاسی ئێمە ئەو بڕیارەمان دابوو، بەڵام سەرباری ئەو بڕیارەش زیاتر لە چوار مانگە هێرش و کۆمەڵکوژی لەسەر هێزەکانمان و گەلەکەمان زیاتر بوون و درێژەیان پێدرا، گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دژوارکرا.

لە سلێمانی بە شەهیدکردنی هاوڕێمان باران ئاڤرێل (حسێن ئاراسان) ئاشکرا بوو، کە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە، پێویستە کە لە دژی ئەو شەپۆلەی هێرشی فاشیست لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی چالاک بەڕێوەببرێت و گورز لە دوژمن بوەشێندرێت، لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئێمە ڕایدەگەیەنین لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆتایی بە بڕیاری وەستاندنی چالاکی دەدەین.


PM:01:24:13/06/2023