ناوەڕۆکی رێککەوتنەکانی نێوان عێراق و قەتەر ئاشکرا کران

راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بەغدا و دەوحە لە چەند بوارێکی جیاوازی ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنان و کارەبا و نیشتەجێ بوون لە هەردوو کەرتی گشتی تایبەتدا ژمارەیەک رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد".

فادی شەمری راوێژکاری سیاسی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "لە چوارچێوەی سەردانەکەی تەمیم حەمەد ئالسانی ئەمیری قەتەر بۆ عێراق ژمارەیەک رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی گرنگ لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کران".

ئاماژەی بەوەش کرد، واژۆکردنی رێککەوتنەکان و یاداشتنامەکان لە بوارە جیاوازەکاندا لەسەر هەردوو ئاستی حکومی و کارتی تایبەت پەیوەندییەکان و هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵات بەهێزتر دەکات و کەرتەکان لە هەردوو وڵاتدا دەبوژێنێتەوە.

فادی شەمری ئاشکرای کرد، لە کەرتی کارەبا و دامەزراندنی چەند وێستگەیەک یاداشتنامە واژۆ کراوە، هەروەها لە بارەی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی هاوبەشی نەوت و پاڵاوگەیەک یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە.

وتیشی، "لە بارەی هاوردە کردنی نەوتی خاو و غازی شلەوە چەند رێککەوتنێک واژۆ کراون بۆ پڕ کردنەوەی پێداویستییەکانی وڵات لە بواری وزەدا و بەهێز کردنی توانای وەبەرهێنان".

لە بارەی کەرتی نیشتەجێ بوونەوە، فادی شەمری راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، عێراق و قەتەر رێککەوتوون لەسەر دروست کردنی دوو شاری نوێی نمونەیی کە ژێرخانی تەواویان تێدا بەردەست دەبێت و هەرشارێکیش ٥٠ هەزار کەس لە خۆدەگرێت و تێیاندا ڤێلا و شوقە و ناوەندی بازرگانی و نەخۆشخانە و قوتابخانە دروست دەکرێن.

ئەوەشی راگەیاند، "لە بواری گەشتیاریدا رێککەوتوون لەهەموو پارێزگاکانی وڵاتدا ژمارەیەک میوانخانەی پێنج ئەستێرەیی دروست بکرێن بۆ پڕ کردنەوەی ئەو پێویستییەی ئێستا هەیە لەو بوارەدا کە بریتییە لە ١٠ هەزار ژوور".

لە بارەی کەرتی تەندروستییەوە، راوێژکارەکەی سودانی باسی لەوەش کرد، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا ژمارەیەک نەخۆشخانەی نوێ لەسەرتاسەری وڵاتدا دەکرێنەوە و رێککەوتنەکەش بە ئامانجی تەواوکاری کەرتی تەندروستی قەتەر و کەرتی تەندروستی عێراقە و بەمەش کوالێتی کەرتی تەندروستی لە عێراق باشتر دەبێت و باشترین خزمەت گوزاری تەندروستی پێشکەشی هاووڵاتیانی عێراق دەکرێت.

وتیشی،" لە ناو نەخۆشخانەکاندا نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێڵەیی هەیە و بە ئامێر و پێداویستی پزیشکی نوێ ئامادە دەکرێن".

فادی شەمری ئەوەشی ئاشکرا کرد، سەرجەم پڕۆژە وەبەرهێنەرەکان نزیکەی حەوت ملیار دۆلاریان تێدەچێت و لە پێنج ساڵی داهاتوودا و لە سەرەتای ٢٠٢٨ تەواو دەبن.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی ١٣ی حوزەیرانیی ٢٠٢٣ تەمیم حەمەد ئالسانی ئەمیری قەتەر بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەسەر چەند دۆسیە و بوارێک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق گفتوگۆی کرد، لە دیارترینیان بەشداری کردنی شانشینی قەتەر بوو لە پڕۆژەی وەبەرهێنان و رێگای گەشەپێدان.


PM:10:22:17/06/2023