پۆلیسی دهۆک: باندێك بە ٥٧٠ هەزار دۆلاری ساختەوە دەستگیرکران

وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ڕایدەگەیەنێت" باندێکی دراوی ساختەیان هەڵوەشاندووەتەوە، کە لە سێ کەس پێکهاتبوون، هەروەها دەستیان بەسەر بڕە پارەیەکی زۆر لە دۆلاری ساختەی ئەمریکیدا گرتووە". 

هێمن سلێمان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" باندێکی سێ کەسی بەپێی ماددەی (٤٥٦) لە یاسای سزادانی عێراقی کە لە دوو پیاو و ژنێك پێكدێن دەستگیرکران".

وتیشی" تۆمەتبارەکان ٥٧٠ هەزار دۆلاریان ساختە کردووە و ویستوویانە لە بازاڕدا ساغی بکەنەوە". 

ڕاشیگەیاند" یەکێک لە تۆمەتبارەکان تەمەنی ٣٧ ساڵە و ئەوی دیکەیان ٣٠ ساڵە و سێیەمیان تەمەنی ٢٢ ساڵە و هەموویان دانیشتوانی هەرێمی کوردستان". 


PM:03:32:18/06/2023