قائیمقامیه‌تی سلێمانی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکرد

قائیمقامیه‌تی سلێمانی هەڵمەتی خاوێن (تعقیم) کردنی شوێنەکانی کڕین و فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵی دەست پیکرد.

بۆ ڕێگریکردن لە توشبون و بڵاوبونەوەی تای خوێن بەربون، قائیمقامیەتی سلێمانی شوێنەکان خاوێن (تعقیم) دەکات، بەهاوکاری هێزە ئەمنیەکانیش ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرێته‌بەر.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنەکان ڕایگەیاند: "لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و لەسەر فەرمانی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی و بۆ رێگریکردن لە توشبون و بڵاوبونەوەی تای خوێن بەربون، لیژنە هاوبەشەکان هەڵمەتی چڕی چاودێریکردنی دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دەکات، هەروەها بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانیش رێگری لەسەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و دەرەوەی کوشتارگەی سلێمانی دەکات، هەرکەس و شوێنێکیش پابەند نەبێت لەڕێگەی بەڕێز لێکۆڵەری دادگای یەکی سلێمانییەوە روبەڕوی رێکارە یاساییە توندەکانی دەکاته‌وه‌".

وتیشی: "لەژێر چاودێری قائیمقامی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی تیمێك و دەرمانی (ڤێركۆن)ـی بۆ خاوێنکردنەوەی سەرجەم ئەو شوێنانەی کڕین و فرۆشتن بەئاژەڵەوە دەکرێت لەگەڵ دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دابینکردوە، هەروەها بەرگری شارستانی ئامێری پێویستی بۆ لیژنەکان دابینکردوە کەلە ئێواراندا و دوای داخستنی شوێنه‌كان، شوێنەکانی پێ خاوێن (تعقیم) ده‌کرێتەوە".

رێکان جەمال، راشیگەیاند؛ "پێشتر و لەگەڵ دەنگۆی بڵاوبونەوەی پەتای خوێن بەربون لە شارەکانی دیکەی هەرێم و خواروی عێراق، قائیمقامیەتی سلێمانی بەقەدەغەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنی کڕین و فرۆشتن، دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵی سەربڕدراو لە دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن، سەربڕین لەدەرەوەی کوشتارگە و کۆڵان و شەقاماکان و گرتنە بەری رێکاری توندی دیکە، ئامادەکاری تەواویان کردوە بۆ رێگری کردن لەتوشبون و بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە".

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی پەتای خوێن بەربون نەخۆشییەکی مەترسیدارە، بۆیە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەهاوکاری سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دیکە هەمو هەوڵێک دەدات ڕێگری بکات لە توشبون و بڵاوبونەوەی مەترسییەکە لەشاری سلێمانی.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان داوا لەهاوڵاتیان دەکات، لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و خۆتان و خێزانەکانتان، گۆشتی مۆرکراو لە شوێنە فەرمییەکان بکڕن، هەروەها لەکاتی هەبونی سەربڕینی ئاژەڵ لەکۆڵان و گەڕەک و شەقامەکان پەیوەندی بە لیژنەکان یان ژماره‌ (١٠٠) سەنتەر زانیاری (JCC)ـیەوە بکەن بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.





PM:09:49:19/06/2023