فڕۆکەکانی تورکیا هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ کردە ئامانج


لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەکانی تورکیاوە، ئەمڕۆ سێ شەممە ئۆتۆمبیلی هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ کرایە ئامانج و گیانی لە دەستدا.

بەڕێوەبەری خۆسەر لە کانتۆنی ئەلجەزیرە لە راگەیاندنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن" ئەمڕۆ سێشەممە، ئۆتۆمبێلێکی سەر بە ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ بەشێوەیەکی خیانەتکارانە لەلایەن فڕۆکەکانی داگیرکەری تورکیاوە کرایە ئامانج و هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ، "یوسرا دەروێش"، و جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ، "لمان شوێش"، و شۆفێرەکەیان، "فورات توما"، شەهیدبوون، هاوکات هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ، "کابی شەمون"، لەکاتی گەشتێکی مەیدانیدا بۆ دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر لە کانتۆنی قامیشلۆ ئەویش برینداربوو".

هەروەها لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " 
ئێمە لە ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەر لە دەڤەری جزیرە، وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان و گەلەکەمان، ئیرادەی خۆمان بۆ تەواوکردنی ڕێگاکەمان لە پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دووپات دەکەینەوە.
سەرەڕای تێرۆریزمی دەوڵەتی تورکیا و ئامرازەکانی، وەک ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تەحریر شام و داعش. هەروەها داوا لە لایەنە  نێودەوڵەتیەکان دەکەین کە سەرپەرشتی ئاگربەست لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن کە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و تیرۆری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕابگرن".

رۆژانە فڕۆکەکانی تورکیا سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەنە ئامانج و، بە درێژای ساڵانی رابردوو چەندان فەرماندەو کەسایەتی سیاسی  لە ئەنجامی ئەو هێرشانە گیانیان لە دەستداوە، بەهاری ئەمساڵ لە دەرەوەی رۆژئاوای کوردستان مەزڵوم عەبدیش لە سلێمانی لە باشوری کوردستان کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکە سەرکەوتوو نەبوو.  



PM:03:19:20/06/2023