هەرێم داوا دەکات سودانی ئەو بڕگانەی بودجە جێبەجێنەکات دژی رێککەوتنەکەی نێوانیانە


حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندنێکدا کە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکرایەوە، داوا دەکات پێداچونەوە بەو بڕگە و ماددە هەموارکراوەکانی بودجە بکات کە گۆڕانکاریی لە ڕێکەوتننامەی هاوبەشی نێوان هەردو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێمدا کردووەو بە " ڕێگاپێدراو نییە " یاسای بودجە وەسف دەکات.

پاشنێوەرۆی ئەمڕۆ چوار شەمممە ٢١ ی حوزەیران، دوای کۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران هەرێمی ماوە بۆ درێژکراوە راگەیاندنێكی بڵاوکردەوەو، لەو راگەیاندنەدا بە پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشووی لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت، داوای گەڕانەوە بۆ مادەکانی رێککەوتنی نێوان هەرێم و سودانی دەکات کە پێش بوودجە بڕیاری لەسەر درا.

لەو راگەیاندنەدا باس لە پرسی پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان کراوەو، هاتووە "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستور و ئەو ڕێککەوتنانەی واژۆ کراون جێبەجێ کردوە. بەڵام لە دەرەوەی دەستور و ڕێککەوتننەکان، دەستکاری بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکان کرا کە لە ڕوی دەستوریەوە، گۆڕانکاریی لە ڕێکەوتننامەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم ڕێگاپێدراو نییە".

ئەوەش خراوەتە ڕوو "ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، کە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی بودجە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی، هەروەک سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڵێنیداوە، پێداچونەوە بکات بە بڕگە و ماددە هەموار کراوەکان کە تا چەند لەگەڵ کارنامەی حکومەتی فیدرال دەگونجێن و تاچەند شایانی جێبەجێکردنن وپێویستە میکانیزمی شیاو بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم دابنرێت و هەر ڕێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، چونکە هەرێم پابەندییە دەستوریەکانی خۆی بەجێگەیاندوە و هیچ بیانوو و پاساوێکیش بۆ  هەر ڕێکارێکی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەماوە، بە تایبەتیش پاساوی نەوت کە پێشتر هەمیشە دەکرایە بیانو بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی لە شایستە داراییەکانی".

حکومەتی هەرێم دەشڵێت" پێویستە و ئەرکە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی، یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات لە پێش هەموشیەوە تەرخانکراوی خەرجی مانگانەی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو ژمارانەی لە ناو خشتەکانی بودجەدا جێگیرکراون لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە".

لە بەشێکی دیکە کۆبونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستور لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٩ ی ساڵی ٢٠١٢ ی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکور - لجنە شۆون الشمال)ی هەڵوەشاوە تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک كرا.

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستور دەکات و دەستخۆشی لە دوا نوسراوی لیژنەکە دەکات بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی کورد و تورکمان و ڕاگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ هاوردەکراوان، بەڵام لەمە گرنگتر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیە بە کردارەکی و ڕاگرتنی خێرای هەمو ئەو ناڕەواییەی بەرامبەر بە جوتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت لەو ناوچانە، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستویی نیە.

ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی وەزاریی تایبەت بە بەدواداچونی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستور بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ ڕاسپارد کە کۆبونەوەی پێویست ئەنجام بدەن و بە هەماهەنگیی لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچونی خێرا بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی فیدڕاڵیی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی زەویوزاری جوتیارانی کورد و تورکمان کە ڕێگرییان لێ دەکرێت.



PM:08:03:21/06/2023