نێچیرڤان بارزانی و راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرلین کۆبوونەوە


نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له‌ به‌رلین كۆبوونه‌وه‌، دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی وتی " دیدارێکی باشیان هەبووە و باسیان لە پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق و تاوتوێی بابەتە گرنگە هاوبەشەکانی نێوانیان کردووە".

لە دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوەو دەڵێت " بەرلین گرنگی دەدات بە بەرەپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و روونیکردەوە لە دیدارەکەیان باسیان لە چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە سیاسیی و بازرگانییەکانی نێوانیان کردووە".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن، نێچیرڤان بارزانی کە لەسەر داوای راوێژکاری ئەڵمانیا سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو، وتی " بانگهێشتی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیایان کردووە سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکات."

نێچیرڤان بارزانی روونیشی کردەوە، لە دیدارەکەیاندا سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیایان کردووە بۆ پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان لە کاتە سەختەکاندا، بەتایبەتی لەرووی سەربازی و مرۆیی و ئابووری، ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە دیدارەکانیان لە ئەڵمانیا بەردەوامی پاڵپشتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

هەروەها لە دیدارەکەیان لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا باسیان لە مەترسییەکانی داعش لە عێراق کردووە و جەختیان لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، کە عێراق تا ئێستا پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و لەو چوارچێوەیەشدا، ئەڵمانیا مانەوەی هێزەکانی لە عێراق درێژکردووەتەوە.



PM:08:14:26/06/2023