پارتی لە پلانیدایە گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی حکومەتدا بکات

حکومەتی هەرێمی (ماوە بۆ درێژکراوەی) کوردستان لە پلانیدایە چەندین گۆڕانکاری لەوەزارەتە جیاوەزەکاندا ئەنجام بدات.

بەپیی زانیارییەکانی سپی میدیا، حکومەتی هەرێم لە پلانیدایە د.ئومێد سەڵاح سەرۆکی دیوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە پۆستەکەی بگۆڕیت بۆ جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق کە دوای رێککەوتنی نێوان بە‌غدا و هەرێم لەسەر پرسی نەوت، ئەو پۆستە دەدرێت بە کورد.

هەروەها د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم دەستنیشانکراوە بۆ وەرگرتنی پۆستێک لە بەغداد، لە بری ئەو ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئابوری جگە لە پۆستەکەی خۆی، دەبێتە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

تا ئێستا وادەی ئەو گۆڕانکارییانە ڕانەگەیەنراوە ونازاندرێت سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوە )، چ دەرچییەکی یاسایی بۆ دەدۆزێتەوە، لە کاتێکدا کابینەکە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆتە حکومەتی کاربەڕێکەر و پەرلەمانی کوردستانیش هەڵوەشاوەتەوە.



PM:01:19:27/06/2023