لە دوو لێدوانی جیادا ئاسایش و پەکەکە لەسەر هەواڵێکی ئاژانسی ئانادۆڵ ڕونکردنەوە دەدەن

دەزگای ئاسایشی هەرێم رەتیدەكاتەوە لەناو شاری سلێمانیدا بەرپرسێكی پەكەكەی کوژرابێت وپەکەکەش روونیدەکاتەوە ودەڵێت "سەر لەبەری ئەم هەواڵەنە دوون لە ڕاستییەوە هەڤاڵی ئێمە لە سلێمانی شەهید نەبوون".

عەقید سەلام عەبدولخالق بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی هەواڵێکی کوشتنی بەرپرسێكی پەكەكە لە سلێمانی بە كوردسات نیوز-ی راگەیاندووە:"لە ماوەیەكی نزیكدا هیچ شتێكی لەوجۆرە لەناو شاری سلێمانیدا رووینەداوە و لەدوای رووداوەكەی ٩ی مانگی رابردووی بەردەم رێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لەناو شاری سلێمانی هیچ كردەوەیەكی دیكەی لەو جۆرە رووینەداوە و پێدەچێت لە ماوەی رابردووداو لە دەرەوەی سلێمانی و لەسەر سنورەكان بوبێت".

هەر دەربارەی ئەم هەواڵە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پەکەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە ماڵپەڕی سپی ڕاگەیاند "ئەو هەواڵەی ئاژانسی ئەنادۆڵ دوورە لە راستییەوە وئامانج لە بڵاوکردنەوەی بۆ دروستکردنی ترس وفشار خستنە سەر سلێمانیی و هەڵویستی یەکیتی نیشتیمانی کوردستانە، کە بەم دواییە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلیمانیان داخست".

هەروەها وتیشی" بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لەلایەن میدیاکانی پارتییەوە بە هەمان شێوە بۆ دروستکردنی فشارە لەسەر ناوچەکانی سلێمانی".

لەبارەی ئەو کادیرەوە سەرچاوەی پەکەکە ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەڤاڵەی پەکەکە کە باسکراوە ساڵی پار لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهید بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، دەزگای هەواڵگری میت بەرپرسێكی پارتی كرێكارانی كوردستانیان بەناوی جەلال كایا لە سلێمانی كوشتووە كە دەستی هەبووە لە كوشتنی عوسمان كۆسە بەرپرسی میت لە هەرێمی كوردستان.







PM:05:31:05/07/2023