هەسەدە هەواڵێکی میدیاکانی روسیا بە درۆدەخاتەوە

لە کاتێکدا چەند میدیایەکی فەرمی روسیا بڵاویان کردۆتەوە کە ئەمەریکا سەدان چەکداری هەسەدەی گواستۆتەوە بۆ ئۆکرانیا تا شەڕ دژی هێزەکانی روسیا بکەن، هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو هەواڵانە بە درۆدەخەنەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەواڵانە دوورن لە راستیەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە "هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵی هەڵبەستراو و گوماناوی و بە مەرامی سیاسی سەبارەت بە بەشداریکردنی شەڕڤانانمان لە شەڕی ئۆکرانیا بڵاوکردۆتەوە. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ئەم هەواڵە درۆیە و لە واقیعدا هیچ بنەمایەکی نییە و لەلایەن ئەو لایەنانەی کە بە سەرچاوە هەرزانەکانیان ناسراون بڵاوکراونەتەوە".

هێزەکانی سوریای دیموکرات دەشڵێن "ئەم هەواڵە گوماناویانە کە ئێمە هێزمان ناردبێت بۆ ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەولەویەتە نیشتمانییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکناگرێتەوە کە ستراتیژی کارکردنی لە نێو خاکەکانی سوریایە بۆ پاراستنی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی و هێزەکانمان، هیچ گرنگییەک بە پرس گەلێکی تر لە دەرەوەی سوریا نادەن".

دوێنێ ٨ ی تەموز هەندێک میدیای روسیا بڵاویانکردەوە کە ئەمەریکا بەسەدان چەکداری هەسەدەی لە سوریاوە گواستۆتەوە بۆ ئۆکرانیا تا هاوشانی سوپای ئۆکرانیا دژی هێرشی روسیا لەو وڵاتە بجەنگن. 



AM:11:42:09/07/2023