شاسوار عەبدولواحید بۆ یەکێتی و پارتی: ئەگەر جورئەتتان هەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدەن

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی تەموزی ٢٠٢٣ لەبارەی کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی لە پیرمام پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەگەر جورئەتیان هەیە با هەڵبژاردن ئەنجام بدەن". 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" ئەمڕۆ جارێکی تر دوو پارتە دۆڕاوەکەی کوردستان کۆدەبنەوە، بۆیە لێرەوە تەحەدای هەردوو ئەو حزبە دەکەم ئەگەر جورئەتیان هەیە با هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، ساڵی پار نەیانوێرا و دوایانخست، ئەمساڵیش تەحەدایان دەکەم، ئەوە ئەرز و ئەوە گەز".

ئاماژەی بەوەشکردوە" ئەمڕۆبێت یان سبەی یان سالێکی دیکە، دۆڕان و شکستێکی گەورە چاوەڕوانتانە، وەک مەرگ وایە و ناتوانن خۆتانی لێ لابدەن".

پەیامەکەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کاتیکدایە، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی گەیشتە پیرمام و لەگەڵ شاندێکی باڵای پارتی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ده‌كه‌ن.


PM:12:58:09/07/2023