سەركردەیەكی باڵای داعش دەستگیركرا


دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق دەستگیركردنی سەركردەیەكی باڵای داعشیان لە پارێزگای سلێمانی و بەهاوكاری هێزەكانی دژە تیرۆر راگەیاند.

دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە  "بە پشتبەستن بە زانیاری وردی هەواڵگری و بەدواداچونی مەیدانی لە زیاتر لە وڵاتێك، هێزەكانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توانیان تیرۆریست (عەكاب حەمەد نیجریس دەلی) ناسراو بە (ئەبو جەمال) ئەمیری كەرتی شەرگات و دورگەی حەزەر و چیای مەخمور لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیربكەن كە پۆستی دادوەری گشتی شەریعەتی دەوڵەتی دیجلەی هەبو، چەندین فەتوای دەركردوە بۆ بەئامانجكردنی هێزە ئەمنییەكان".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "دەستگیركراوەكە لە ساڵی 2017 بەرەو خاكی سوریا هەڵاتوە و لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا ماوەتەوە، لە ساڵی 2023ەوە بە نهێنی گەڕاوەتەوە ناو خاكی عێراق لەژێر ڕێنمایی سەركردایەتی گروپی تیرۆرستی داعش كاریكردوە".

هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوە "ئەو تیرۆرستە بە هاوكاریی دەزگای دژەتیرۆر لە پارێزگای سلێمانی، لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری دەستگیركراوە و بە شێوەیەكی دروست مامەڵەی لەگەڵدا كراوە".



PM:10:50:13/07/2023