پارێزگاری سلێمانی: دەسەڵاتداران لە كەیسی شێروان شێروانی و هاوڕێكانیدا لە هەڵەدان


د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رەخنە لە دووبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی، رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەگرێت و دەڵێت "دەسەڵاتداران؛ بزانن، یان نەزانن، ویستتان بێت، یان نەبێت، لە كەیسی شێروان شێروانیی و هاوڕێكانیدا، لە هەڵەدان".

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندووە "نابێت دەسەڵات و دادگاو حكومڕانان؛  بەگیانی كینەو ڕق و تۆڵەو ناتێگەیشتن و سزاو سەركۆنەكردن، بۆڵبژێرانە، بە مەیلی تایبەتیی، مامەڵەو هەڵوێست و بڕیارەكانیان دەربكەن".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "دەوڵەت؛ هاووڵاتیان دروستی دەكەن و، دەیپارێزن و گەشەی پێدەدەن، هاووڵاتیی بێ ئیرادەو تێكشكاو و بێمتمانە؛ نەك دەوڵەت دروست ناكات؛ دەسەڵاتێكی بێ ئیرادەو تێكشكاو و بێمتمانە؛ دروست دەكات".

پارێزگاری سلێمانی وتویەتی "ئازاو ئازادەكانن، دەوڵەت و ژیانی نوێ و هاووڵاتیی سەنتەریی و سەروەریی یاساو دەوڵەتیی یاسا و دادپەروەریی و ئازادیی؛ دەخوڵقێنن. دەسەڵاتداران؛ بزانن، یان نەزانن، ویستتان بێت، یان نەبێت، لە كەیسی شێروان شێروانیی و هاوڕێكانیدا، لە هەڵەدان. هەڵەكان؛ ڕاستبكەنەوە، چەمینەوە لە بەردەم خەڵكدا؛ سەروەرییە".

دوێنێ دادگای هەولێر جارێكی دیكە و لەسەر دوو تۆمەت، سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ شێروان شێروانی دەركردەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە ناوبراو لە ساڵی 2020ەوە تائێستا بەچەندین تۆمەتی جیاواز لە زیندانە.



PM:12:29:21/07/2023