وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکرێت

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم رایدەگەیەنێت" بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێم سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات".

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سه‌رۆكايه‌تي هه‌رێمى كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، له‌ لێدوانێكدا بە ماڵپه‌رى سه‌رۆكايه‌تي هه‌رێمى ڕایگەیاندووە" لەسەر فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بە مەبەستی وەرگرتنی بیروڕا بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٣/٧/٢٦ شاندێکی باڵا لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە کە تیایدا بیروڕای حزب و لایەنەکانیان بۆ دياريكردنى وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێز و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەو ھەنگاوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە و ئامادەییان بۆ پشتیوانیکردن لە ھەنگاوەکە و پاڵپشتیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نیشان داوە.

وتیشی" سەردانی ھەموو حزب و لایەنەکان دەکەین و پاش کۆکردنەوەی بیروڕاکانیان، نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانى ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات". 

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ھەڵوەشێنرایەوە، ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش لە عێراق، ئامادەییان نیشان دا کە ئەوان لە ٢٠٢٤/٢/١٨ به‌سەرەوە، توانای بەڕێوەبردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکەیان ھەیە.


PM:09:09:26/07/2023