یەكەم لێدوانی كەسوكاری ئەو پیاوەی كە ئەمڕۆ دوو هاوسەرەكەی خۆی كوشت


برایەكی‌ ئەو پیاوەی‌ سەرلەبەیانی‌ ئەمڕۆ لە قەزای سۆران هەردوو هاوسەرەكەی‌ كوشت رایدەگەیەنێت "لە براكەمان‌ بێبەرین، زێرەڤانی‌ زوڵمی‌ لێكرد و دوای‌ 25 ساڵ‌ خزمەت، مووچەكەیان بڕیبوو".

برایەكی ئەو پیاوەی دوو ژنەكەی كوشت بە (رووداو)ی راگەیاندوە "بە دڵنیاییەوە پۆلیس لە كێشەی‌ براكەمدا كەمتەرخەم بووە، دوو مانگ پێش ئێستا من و برایەكی‌ ترم لەگەڵ‌ خەسوویەكی‌ و برایەكی‌ ژنەكەی‌ چووینە بەردەم دادوەر و خۆم شایەتیم داوە كە یەك سەعات گەرەنتی‌ ئەو برایەم ناكەم، بەڵام دادوەر گوێی‌ نەگرت".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "زێرەڤانی‌ زوڵمی‌ لە براكەم كرد، 25 ساڵ‌ خزمەتی‌ زێرەڤانی‌ هەبوو، بەشداری‌ چەندین شەڕی‌ كردبوو، بەڵام مووچەكەیان بڕیبوو، بەوهۆیەوە تێكچوو بوو، نان نەبوو بیخوات، لە براكەم بێبەرین و با حكومەت بیداتە دەست كەسوكاری ژنە كوژراوەكان".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەكی كانی لە قەزای سۆران پیاوێك بە چەكی تاپڕ هەردوو خێزانەكەی خۆی لە خەودا كوشت و دواتریش خۆی رادەستی پۆلیس كرد، ئەو پیاوە پێشمەرگەیە و هەشت منداڵی هەیە.



PM:04:20:29/07/2023