راگەیەنراوێك سەبارەت بە چەكی بێ مۆڵەت بڵاوكرایەوە


وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لە 22ی تەموزی 2023، یاسای چەك ژمارە 2ی ساڵی 2022 كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەو هاوڵاتیانەی هێشتا چەكی تۆمار نەكراویان لە ماڵەكانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەكە بكەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاوڵاتیان هەیە كە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبونی چەكی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بكەن تا لە سزا ببوردرێن.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە "دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە رێی كردنەوەی 90 بنكەی تۆماركردنی چەكی ئاگرینەوە، بنكەكانی پۆلیس زیاتر لە 17 هەزار چەكی هاوڵاتیانیان تۆمار كردوە و پسپوڵەی تۆماریان بە هاوڵاتی داوە، لە 22ی تەموزی 2023، یاسای چەك ژمارە 2ی ساڵی 2022 كەوتوەتە بواری جێبەجێ كردنەوە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بۆ ئەو هاوڵاتیانەی هێشتا چەكی تۆمار نەكراویان لە ماڵەكانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەكە بكەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی 12، بڕگەی یەكەم لە یاسای چەك ژمارە 2ی ساڵی 2022، لە دوای بەركاربونی یاسای چەك، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاوڵاتیان هەیە كە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبونی چەكی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بكەن تا لە سزا ببوردرێن".

وەزارەتی ناوخۆ روونیكردۆتەوە "لە دەقی بڕگەی یەكەم لە ماددەی 12ی یاسای چەك هاتوە، هەر كەسێك لە ماوەی (60) ڕۆژ لە دوای بەركاربونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەكێكی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوكمەكانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێبدات".

وەزارەت  ناوخۆ وتویەتی "لە ئێستادا هاوڵاتیان، ئەوانەی چەكەكانیان تۆمار نەكردوە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەكیان نیە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆكانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بكەن و داوای مۆڵەت بكەن بۆ دەستداری یان بۆ هەڵگرتنی چەك بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن".

هەروەها داوا لە هاوڵاتیان دەكات كە خۆیان لە هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت بپارێزن چونكە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەكانی دیكە كە لە هەبونی زانیاری دەربارەی چەكی بێ مۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ دەستبەسەر كردنی هەر پارچە چەكێكی بێ مۆڵەت، هەڵگرەكەی بەگوێرەی ماددەی 15 لە یاسای چەك ژمارە 2ی ساڵی 2022 دەدرێتە دادگا و سزای بەندكردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.





PM:03:43:30/07/2023