قائیمقامیەتی سلێمانی ئەو بڕە پارەیە ئاشکرا دەکەن کە لەسەرپێچیکارانیان وەرگرتووە

قائیمقامیەتی سلێمانی‌ ئاماری كاروچالاكیەكانی مانگی رابردوی لیژنە هاوبەشەكان بڵاودەكاتەوە كە ‌زیاتر لە شەش هەزار و ٧٠٠ سەردانیان ئەنجام داوە و كۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەشی لەسەرپێچیكاران وەرگیراوە نزیكەی ٥٩ ملیۆن دینار بوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە‌‌‌ ٢ی ئابی ٢٠٢٣، قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری كاروچالاكی لیژنه هاوبەشە‌كان بڵاوكردەوە‌ و ڕایگەیاند، "شەش هەزار و ٧٢٢ سەردانمان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنە ‌گشتییەكان ئەنجامداوە، لەو بەسەركردنەوانەشیاندا ٩٨٥ پسوڵەی سەرپێچیمان لە شوێنەكاندا تۆماركردوە، هەروەها ٦٧٤ شوێنیش ئاگادار كردوەتەوە كە پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بن".

لەئامارەكەدا هاتووە، بەهۆی جێبەجێنەكردنی ‌رێنماییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و مەرجەكانی دیكەی كاركردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەمانگی رابردودا ٨٩ شوێن داخراون، هەروەها  ١٢ شوێنیشیان روبەڕوی دادگا كردوەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕو، لە مانگی رابردودا و لە ئە‌نجامی پشكنیینە بەردەوامەكانیان، لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر ٤٨ تۆن و  ١٢٤ كیلۆگرام كاڵاوشمەك و خواردەمەنی خراپ و ماوەبەسەرچودا گرتوە و بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی لە ناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون لەناوبراون.

ئامارەكەی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، ئەو شوێنانەی دوجار سەرپێچی تیادا تۆماركرابێت بەبڕێك پارە غرامەی خاوەن شوێنەكان كراوە‌، لەمانگی رابردودا بڕەكەی بریتییە لە ٥٨ ملیۆن و ٨٧٥ هەزار دینارە‌ و بەپێی یاسا و رێنماییەكان دەخرێتەوە سەرداهاتی گشتی.


PM:02:21:02/08/2023