بانکی ڕافیدەین پێدانى پێشینەی خانووبەرەى بە هاووڵاتیان راگەیاند

بانکی رافیدەین وردەکاریەکانی پێدانی پێشینەی خانووبەرە و مەرجەکانی وەرگرتنی راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی ئابی ٢٠٢٣، بانکی رافیدەین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا، پارەی قەرزی خانووبەرە بەمەبەستی نۆژەن کردنەوە، یاخود درووست کردنی خانوو یان کڕینی زەوی بەپێی چەند مەرجێک ئاشکرا کردووە.

بانکی رافیدەین لە راگەیەندراوەکەیدا بە خاڵ ئەو مەرجانەی ئاشکرا کردووە کە بریتین لە:

١- زۆرترین قەرز ١٥٠ ملیۆن دینارە و بۆ ئەم مەبەستانەیە: لە ٥٠ ملیۆن تاکو ٧٥ ملیۆن دینار بۆ کڕینی زەوی، لە ١٥ ملیۆنەوە بۆ ٧٥ ملیۆن دینار بۆ نۆژەن کردنەوە وەردەگیرێت، لە ٥٠ ملیۆن بۆ ١٥٠ ملیۆن بۆ کڕینی خانوو وەردەگیرێت.

٢- سوو بە رێژەی ٦٪ لەکاتی گەڕانەوەی قەرزەکە دەدرێتەوە بە بانکەکە.

٣- ماوەی قەرزەکە ١٥ ساڵە.

٤- دڵنیایی قەرزەکە بەم شێوەیە دەبێت: ئەو فەرمانبەرانەی موچەکانیان جێگیرە لەلای بانکی رافیدەین بە ماستەرکارد وەری دەگرن و قەواڵەی خانووبەرە دەدەن بە رەهن بە بانکەکە رەهنێکی دڵنیایی پلەیەک (گوژمەی قەرزەکە + ٢٥٪)، هاووڵاتیان پێویستە دەستەبەر (کەفیل) بهێنن کە موچەکەی لە بانکی رافیدەین جێگیر کرابێت و قەواڵەی خانووبەرەیەک پێشکەش بکات لە پلەی یەکەم، ئەو خانەنشینانەی کە تەمەنیان لە چوارچێوەی تەمەنی دڵنیاییدایە لەکاتی تەواوبوونی قەرزەکە، دڵنیایی بە ماستەرکارد و پێشکەش کردنی قەواڵەیەکی خانووبەرە دەبێت بۆ بانکەکە کە بارمتەیەکی دڵنیایی بکرێت لە پلەی یەکەم (گوژمەی قەرزەکە + ٢٥٪).

ه- ئەوانەش کە تەمەنیان لە دڵنیایی تێپەڕیوە پێش ماوەی قەرزەکە پێویستە دەستەبەرێک (کەفیلێک) پەیدا بکەن کە موچەکەی لەلای بانکەکە جێگیر کرابێت و قەواڵەیەکی خانووبەرە پێشکەش بکەن کە بۆ بانکەکە بە بارمتە بکرێت بەشێوەیەکی دڵنیایی لە پلەی یەکەم (گوژمەی قەرزەکە + ٢٥٪).

ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەی نۆ ساڵ زیاترە پێدانی پێشینەی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە و چەند جارێکیش داوا لە هەریەک لە بانکەکانی رافیدەین و رەشیدی عێراق کراوە لقی بانکەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام بە بیانوی ئەوەی موڵکەکانی ئەو بانکانە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی یەوە داگیرکراوە و ئامادەنین پێیان بدرێتەوە، ئەوانیش ناتوانن بڕیاری کردنەوەی لقەکانیان بدەن.



PM:03:06:02/08/2023