نۆ ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال و جینۆسایدکردنی ئێزدییەکاندا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣ی ئاب نۆ ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆسەر ئێزدییەكان لە قەزای شەنگال و دەوروبەری تێپەڕدەبێت و بەرپرسانی هەرێم و کونسوڵی وڵاتان پەیامیان بڵاوکردەوە. 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ لە یادی نۆ ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی رایگەیاند" بارودۆخی ئێزدیيان لە دەڤەری شه‌نگال زۆر خراپە، لەبەرئەوەش زۆر لەو خێزانانەی گەڕانەوە بۆ شه‌نگال جارێکی دیکە بە ناچاری شه‌نگالیان بەجێهێشتووە بەهۆی کەميی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی ئاسايش و ئارامى و نەبوونی دەرفەتەکانی کار". 

وتیشی" بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بە ئاسوودەیی لە شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى بژیت، دەبێت هەموو ئەو هێزانەی خەڵکی شه‌نگال نین ناوچەکە بەجێبێلن و بەڕێوەبردن و پاراستنی شه‌نگال بدرێتە دەست خەڵکی دەڤەری شه‌نگال و دەسەڵاتێکی یاسایی، دەبێ هێزەکانی سەر بە پەکەکە و هەموو ئەو هێزانەی لە دەرەوە هێنراون، ناوچەکە بەجێبێلن". 

هەروەها لای خۆشیەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردی ئێزیدی بە فەرمی بە جێنۆساید ناساندوە، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان".

وتیشی" دوای تێپەڕبونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبوەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گروپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە".

لە لایەکی دیکەشەوە رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە تێکشکاندنی رێکخراوی "تیرۆریستی داعش" و لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکجارەکی کۆتایی بە داعش بهێندرێت. 

ڕاشیگەیاند" دەبێت رێککەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت و ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان". 


PM:03:01:03/08/2023