ئەو کونسڵەی لە ماوەیەکی کارکردنیدا پارتی هێرشی میدیایی کردە سەری، لە سلێمانییەوە ماڵئاواییکرد


کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەیەکی کارکردنیدا پارتی هێرشێکی توندی لە میدیا و سۆشیال میدیاوە کردە سەری، لە سلێمانییەوە پەیامی ماڵئاواییکرد، هەرچەندە وەک زانراوە، چەند دیدارێکی هاوشێوەی ئەوەی سلێمانی لە هەولێریش سازدەکات.

ڕۆژی پێنج شەممە ئیرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان،  پەیامی ماڵئاواییکردنی لە سلێمانیەوە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند لە ساڵی ڕابردوودا هەوڵە دیپلۆماسی و هاوکارییە تەکنیکیەکانی ئەمەریکا هاوکاربوون بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت سەدان هەزار دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

لە وتەی ماڵئاواییکردنەکەیدا وەک ( دەنگی ئەمەریکا ) بڵاویکردۆتەوە، ئیرڤن هیکس ڕایگەیاندووە "کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە دامەزراندنی سیستەمی بایۆمەتری مووچە، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی نەهێشتنی ٥٠ هەزار فەرمانبەری بندیوار و ١٢٤ هەزار دوو مووچە."

سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، ئیرڤن هیکس ڕایگەیاند، "ئێمە پابەند دەمێنینەوە بۆ دابینکردنی پێداویستی و ڕاهێنان و پاڵپشتی لۆجستی بۆ پێشمەرگە، لەوانە ناوەندێکی لۆجستی لە سلێمانی، هەروەها دامەزراندنی یەکەمین دوو بارەگای سەرەکی بۆ دوو فەرماندەکە لەژێر وەزارەتی پێشمەرگە."

لە بارەی هەماهەنگی قونسڵی وڵاتە بیانییەکانەوە لە هەرێم، ڕایگەیاند" بۆ یەکەمجار، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ١٥ کونسوڵی گشتی هاوبیری کۆکردەوە، کە پێی دەڵیین CGCG، ڕێگەیەک کە خوشک و برا دیموکراسی خوازەکانمان توانیان بە یەک دەنگ لەسەر چەندین بابەت لە هەرێمی کوردستان قسە بکەن، لەوانەش مافی مرۆڤ، یەکسانی جێندەری، لێبوردەیی ئاینی، مامەڵەی یەکسان لەگەڵ پێکهاتە کەمینەکان، ئازادی ڕۆژنامەوانی، بازرگانی و وەبەرهێنان، نەوت و غاز و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە."

ئیرڤن هیکس کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لە هەرێمی کوردستان و لە ناو کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێری پایتەخت کاردەکات، بەڵام ئەو لە شاری سلێمانیەوە وتاری ماڵئاواییەکەی ڕاگەیاند و چەندین بەرپرسی حزبی و سەربازی یەکێتی و کەسایەتی ئامادەبوون، بەڵام هیچ بەرپرسێکی پارتی لەدیدارەکەدا نەبوو.

ئەو قونسڵە لەسەر بڵاوکردنەوەی راپۆرتی میدیایەکی جیهانی لە سەر گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان لە واڵی خۆی لە سۆسیال میدیا، رووبەڕووی رەخنەی توند و شاڵاوی میدیای لەلایەن میدیاکانی پارتیەوە بووەوە، کە ئەوە یەکەمجار بوو قونسڵی وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکا لە کوردستان رووبەڕووی شاڵاوێکی لەو جۆرە بێتەوە.




AM:10:52:04/08/2023