كوێستان محەمەد داوا دەکات داواکەی سەر شێروان شێروانی بکشێنرێتەوە


لەبەرامبەر تۆمەتبارکردنی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لەمەڕ دادگاییکردنی دووەمجاری رۆژنامەنووس شێروان شێروانی، کوێستان محەمەد وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی داوا دەکات ئەو هەڵەیە راستبکەنەوەو داواکە رەتبکەنەوە.

بەپێی نوسراوێک کە کۆپیەکەی دەست ماڵپەڕی ( سپی ) کەووتووە رۆژی ٧ ی ئاب کوێستان محەمەد ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری کردووە دەڵێت " ئەو هەڵەیە چاكبكەنەوە، وەزارەتمان سكاڵای لەسەر شێروان شێروانی تۆمار نەکردووە".

لەو نوسراوەدا وەزیر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەك وەزارەت و چاكسازی گەوران هیچ سكاڵایەكیان تۆمار نەكردووەو، داوا دەکاتە ئەو هەڵەیە چاكبكەنەوە.

رۆژی ٢٠ ی تەموز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیمی پارێزەرانی شێروان شێروانی رایانگەیاند" بەپێی دوو ماددەی ٢٩٨ و ٢٩٥ سزای شێروان شێروانی دراوە و بەپێی یەکێک لەو ماددانە دوو ساڵ و شەش مانگ و بەپێی ماددەیەکی دیکەیش ساڵێک و شەش مانگ سزا دراوە". 

ئەو کەیسە دژی شێروان شێروانی رۆژنامەنووس وەک راگەیەندرا سکاڵاکە لەلایەن چاکسازی گەورانی هەولێرەوە بووە کە سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییە.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠ شیروان شیروانی و ژمارەیەک رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەستگیركران و لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١یشدا  دادگای هەولێر، بە "سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان" بە شەش ساڵ زیندانی سزادران.



PM:02:04:07/08/2023