ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی بابەتی سۆشیال میدیایە

لەبارەی رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری یەکێتی، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی، وەڵامی داواکاری گشتی دەداتەو دەڵێت " بابەتی فەیسبووکە ".

مەجید حەمەئەمین بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی لە نووسنینێکدا دەڵێت " وەک بابەتی سۆشیال میدیا لە داخوازی رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی لە لایەن داواکاری گشتی هەرێمەوە دەڕوانین".

لەو نووسینەدا ناوبرا و دەشڵێت "تێوە گلاندنی دەزگا یاساییەکان لە ململانێی سیاسی کارێکی باش نییە، داواکاری گشتی دەبێت لەسەر زیادکردنی زەریبە و گیراوانی بادینان و سنووردارکردنی ئازادییەکان بێتە دەنگ، نەک دەستوەردان لە مەسەلەی وەهاب هەڵەبجەیی بکات، کە هێندە دۆسیەیەکی سیاسییە ئەوەندە یاسایی نییە". مەجید حەمە ئەمین کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیشە دەڵێت "ئەو داواکارییە بنەمای یاسایی نییە. یەکێتی وەکو داواکارییەکی ئاسایی ناو سۆشیال میدیا تەماشای دەکات، لەگەڵ رێزم بۆ داواکاری گشتی".

دوێنێ ٩ ی ئاب داواکاری گشتی هەرێم داوای خۆرادەستکردن وەهاب هەڵەبجەیی کرد، هەروەها لە راگەیاندنێکدا دەشڵێت "بەداخەوە ماوەیەکە لە سنوری دەڤەری سلێمانی بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبیی و کەسییەکان رۆژبەرۆژ ڕوو لە زیادبووندایە".



AM:11:45:10/08/2023