وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئازاردانی منداڵێكی تازە لەدایكبوو، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە 4ی ساڵی 2020 و ڕێنمایی جێبەجێكردنی مافی نەخۆش ژمارە 4 ی ساڵی 2022، لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك كە تێیدا مافی منداڵێكی تازە لە دایكبوو لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان پێشیل دەكرێت، بە دواداچوون و لێكۆڵینەوە دەكەین، تیمەكانی پشكنین و بەدواداچوون ڕادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەكە و ئەو كەسانەی ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن".
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوبۆتەوە، لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لەلایەن دوو پەرستارەوە بە چەند شێوەیەكی جیاواز ئازاری منداڵێكی تازە لەدایكبوو دەدرێت.