بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی: چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین

بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی رایدەگەیەنن" هەموومان چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگا پەیوەندیدارەكان دەكەین بۆ دەرخستن و ئاشكراكردنی ئەو كردە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە".

بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویانکردەوە" لە چەند رۆژی رابردوو سەدان هەواڵی نادروست و داتاشراو كە پڕن لە زانیاری نادروست لەبارەی شەهیدبونی نیاز دەرگەڵەییەوە بڵاوكراونەتەوە كە ئێمە پێمانوایە بەشێك لەو هەواڵە نادروستانە بۆ بەلاڕێدابردنی رەوتی لێكۆڵینەوەكانن و بەمەبەست بەو شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ روداوەكەدا دەكرێت". 

دەشڵێن" سەراپای ئەو هەواڵانە بە تایبەت ئەوەی لە سۆشیال میدیا بڵاودەكرێنەوە هیچ راستییەكیان تێدا نییە، بە تایبەت كە تێكڕایان زادەی بیركردنەوەی خۆیانن و هیچ كەسێك لە هێزە ئەمنیەكان و لە بنەماڵەكەشمان هیچ جۆرە زانیارییان پێنەداون، بۆیە پێویستە هەمومان چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگا پەیوەندیدارەكان بكەین بۆ دەرخستن و ئاشكراكردنی ئەو كردە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە".

لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی ئاشکرایانکردووە" ئێمە وەکو بنەماڵە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە نادەین تا گەیشتن بە راستییەکان، ئەوکات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تەواوی راستییەکان بە هاوڵاتییانمان دەگەیەنین". 

نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان درەنگانی شەوی ١٨ی ئەم مانگە لە نێو باخەكەی خۆیدا کوژرا. 


AM:11:31:22/08/2023