ئەنجام وکێشەکانی فرۆشتنی هێڵکە گونی پیاوان

 پسپۆڕێکی بواری نەشتەرگەری دەربارەی بابەتێکی دیاری سۆشیال میدیا کەفرۆشتنی هێڵکە گونی پیاوانە ڕونکردنەوە دەدات ودەڵێت "هیچ نەشتەرگەرییەک بە ناوی دەرهێنانی هێلکە گون و چاندنی لە شوێنی هێلکەی کەسێکی تر لە کوردستان و لە سەرتاسەری جیهانیشدا نییە".

دکتۆر فایەق گوڵپی پسپۆڕ وشارەزا لە بواری نەشتەرگەریی گشتی لە بابەتێک کە لەواڵی خۆی بڵاویکردۆتەوە ئاماژەی بەوە داوە، ناوبەناو لە سۆشیاڵ میدیای کوردیدا دەنگێک لەسەرفرۆشتنی هێڵکە گونی پیاوان بلاودەبێتەوە، لەم ڕۆژانەدا جارێکی تر ئەو دەنگوباسە بلاوکرایەوە، گوایە کەسێک هەیە گونەکانی خۆی بە ١١ دەفتەر دۆلار دەفرۆشێت، 
ئێمەی پزیشکانیش هەم خۆمان لەو جۆرە هەواڵانە سەرمانسۆڕدەمێنێت، هەم خەڵک بە سەرسۆڕمانەوە پرسیارمان لێدەکات ئایا نەشتەرگەری چاندنی ( زەرع) ی گون دەکرێت؟،بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەڵێین هیچ نەشتەرگەرییەک بە ناوی دەرهێنانی هێلکە گون و چاندنی لە شوێنی هێلکەی کەسێکی تر لە کوردستان و لە سەرتاسەری جیهانیشدا نییە.

وتیشی: "ئەوەی هێلکە گون وەک دڵ و گورچیلە و جگەر و سییەکان کە چاندنیان بۆ دەکرێت، بۆ بەردەوامی ژیان پێویست نییە،هەموو نێرینەیەک دەتوانێت بە بێ هێلکە گون بژیت،چاندنی هێلکە گون لە پرۆژە تەندروستیەکاندا جێگەی نەگرتووە".

ئەم دکتۆرا باسی لەوەشکرد، بە گریمانە ئەگەر کەسێک هێلکە گونی خۆی بفرۆشێت  بە کەسێکی تر کە کێشەی مناڵبونی هەیە، ئەو مناڵەی لە دایک دەبێت مناڵی کەسە نەخۆشەکە دەرناچێت، مناڵی ئەو کەسە دەردەچێت کە گونەکەی لێوەرگیراوە، لێرەدا کێشەیەکی تری کۆمەڵایەتی دروستدەبێت کە لە کێشەی مناڵنەبوون گەورەتر دەردەچێت، لێرەدا زانست خزمەتی مرۆڤ ناکات بەڵکو کێشەی بۆ دروستدەکات.

لە کۆتای بڵاوکراوەکەدا دکتۆر فایەقدەڵێت:"پێویستە دەزگاکانی وەزارەتی تەندروستی و سەندیکاکانی پەیوەندیدار بەو بوارانەوە لەو بارەیەوە هەڵوێست و رونکردنەوەیان هەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە پرۆپاگەندە بۆ بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە دەکەن و خەڵک چەواشە دەکەن،دەبێت دەسەڵاتی دادوەری، بە تایبەتی داواکاری گشتی لەسەر ئەم پرسە بێدەنگ نەبن". 


PM:04:23:22/08/2023