کەجەکە: هاکان فیدان فەرمانی تیرۆرکردنی دەیان کوردی دەرکردووە

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە سەبارەت بە سەردانەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" تورکیا دەیەوێت وا لە بەغدا بکات داگیرکاری سەربازی وڵاتەکەی لە سەر خاکی عێراق پەسەند بکات". 

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە" وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورکیا هاکان فیدان دەیەوێت لە بەرگی وەزارەتی درەوەدا و لە ژێر ناوی دیپلۆماسیی، درێژە بە کردەوە چەپەڵەکانی خۆی لە ماوەی سەرۆکایەتی میت بدات". 

دەشڵێت" هاکان فیدان کە شارەکانی باشووری کوردستانی بە سیخوڕەکانی میت و چەتە بکوژەکانی پڕکردووە و بە فەرمانەکانی لە سلێمانی، شەنگال و مەخمور بە دەیان مرۆڤی تیرۆرکردووە، بە بێ ئەوەی شەرم لە خۆی بکات باسی تێکۆشانی هاوبەش لە دژی تیرۆر دەکات". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە: 

وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک هاکان فیدان دەیەوێت لە بەرگی وەزارەتی درەوەدا و لە ژێر ناوی دیپلۆماسیی، درێژە بە کردەوە چەپەڵەکانی خۆی لە ماوەی سەرۆکایەتیی "میت” بدات.

دەیەوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە داگیرکاریی بچەسپێنێت لەسەر عێراق

وەزیری دەرەوەی تورک، کە بە داگیرکردنی خاکی عێراق ١٠٠ بنکەی سەربازیی و ناوەندی میتی کردووەتەوە، بە بێ ئەوەی شەرم لە خۆی بکات باس لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق دەکات، هاکان فیدان بە گوێرەی خۆی دەیەوێت داگیرکاریی سەربازیی تورکیا لەناو خاکی عێراق لەلای عێراق ئاسایی بکاتەوە و وابکات کە پەسەندی بکەن.

تورکیا، کە هەولێری لە ڕووی سیاسیی، سەربازیی و ئابوورییەوە، وەک ویلایەتێکی خۆی لێکردووە، بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان وەک هەل و دەرفەتێک بۆ خۆی دەبینێت، دەیەوێت ئەو سیاسەتە بڵاو بکاتەوە و داگیرکاریی خۆی لە کوردستان و خاکی عێراق لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بە هەمیشەیی بکات.

هاکان فیدان کە بە پیلانگێریی و ئاژاوەگێڕیی ناسراوە و بۆ داگیرکردنی سووریا وتبووی، "ئەگەر پێویست بکات لە سووریاوە چەند موشەک ئاڕاستەی تورکیا دەکەین”و دەیکەین بە بیانووی شەڕ، ئێستاش بە ناوی تورکیاوە کاری ‘دیپلۆماسیی’ دەکات.

هاکان فیدان فەرمانی تیرۆرکردنی دەیان کوردی دەرکردووە

هاکان فیدان، کە شارەکانی باشووری کوردستانی بە سیخوڕەکانی میت و چەتە بکوژەکانی پڕکردووە و بە فەرمانەکانی لە سلێمانی، شەنگال و مەخمور بە دەیان مرۆڤی تیرۆر کردووە، بە بێ ئەوەی شەرم لە خۆی بکات باسی تێکۆشانی هاوبەش لە دژی ‘تیرۆر’ دەکات.

لە ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠١٤ـدا، کاتێک داعش هەڵیکوتایە سەر کۆنسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ سەرکۆنسوڵ، ئۆزتورک یەڵماز و ئەو تیمە تایبەتەی کۆنسوڵخانەکەیان دەپاراست، بە بێ تەقاندنی یەک فیشەک خۆیان بە دەستەوە دا، ئەو کاتە هاکان فیدان سەرۆکی میت بوو، ئەو فەرمانی کرد، کە بەرامبەر داعش دەستنەکەنەوە و هەماهەنگییان هەیە، خودی ئەو کەسە بوو.

خۆی لە خۆیدا چەتەکانی داعش، کە لە ماوەی ١٠ خولەکدا دەستیان بەسەر کۆنسوڵخانەکەدا گرتبوو، دوابەدوای ئەو هێرشە لێدوانیان دا و ڕایانگەیاند، "ئامادەین لەگەڵ کاربەدەستانی تورک دانوستان بکەین” پەیوەندییەکانی تورکیا و داعش لەو ڕووداوەوە دەستیپێکرد.

ئەو کاتەی هاکان فیدان سەرۆکی میت بوو، بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و داعش بە دەیان کۆمەڵکوژیی و هێرش و تەقینەوەیان ئەنجام دا، ئەنجامدەرانی ڕاستەقینەی ئەو هێرشانە هەرگیز دەستگیر نەکران.

ئامانجی سەرەکی سەردانی هاکان فیدانیش بۆ بەغدا و هەولێر کە بەناوی وەزیری دەرەوە ئەنجامی دەدا، ئەوەیە کە داگیرکاریی تورکیا لە سەر خاکی عێراق نەکاتە جێگەی مشتومڕ، لە بری ئەمەش سیاسەتێکی بەو جۆرە بگرێتەبەر کە باشووری کوردستان بکاتە ویلایەتێکی تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا داوای کرد، کە سیاسەتی تیرۆر و هێرشەکان بۆ سەر سلێمانی، شەنگال و مەخموور درێژەی پێبدرێت.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت بە پاڵپشتی پەدەکە بزووتنەوەکەمان و دەوڵەتی عێراق ڕووبەڕووی یەکتر بکاتەوە

بزووتنەوەکەمان ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەو گەلانەی تێیدا دەژین نییە، هەمیشە پەیوەندی دۆستانەمان لەگەڵ عێراق هەبووە، چونکە تاکە دەوڵەتی ناوچەکەیە، کە دەتوانێت چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد بخاتەڕوو و ھەبوون و ئازادیی کوردان بپارێزێت، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت لە سیاسەتەکانی کۆمەڵکوژکردنی کوردان لەسەر بنەمای نکۆڵی و سڕینەوە، دەوڵەتی عێراقیش تێوەبگلێنێت و بەشداری پێبکات.

نابێت ڕێگە بدرێت عێراق و باشووری کوردستان ببنە حەوشەی دواوەی میت و داعش

بەم بۆنەیەوە دەبێت بە تایبەتی گەلی کوردستان و عێراق، بەڕێوەبەرایەتی باشووری کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی بەغدا و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داگیرکەریی تورکیا لەسەر خاکی عێراق ببینن و لەپێناو نەهێشتنی سەرجەم بنکە و بارەگا سەربازییەکان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ، دەبێت مرۆڤ هێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکان، کە بە پاساوی ‘تیرۆر’ بۆ سەر خاکی عێراق ئەنجامی دەدات، نەکەنە بیانووی داگیرکاریی تورکیا و بە ئاسایی و سرووشتیی نیشانی نەدەن، دەبێت ڕێگە نەدرێت دەوڵەتی تورک لە ژێر ناوی پەیوەندی سیاسیی و بازرگانییدا کەرکووک، موسڵ، هەولێر و سلێمانی نەکەن بە حەوشەی دواوەی چەتەکانی میت و داعش. 


PM:06:45:23/08/2023