بارزانی داوای قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە حکومەتی عێراق دەکات

له‌ یادی (٣٥) ساڵه‌ی ئه‌نفالی بادیناندا، ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت" ده‌بێت ده‌وڵه‌تی عێراق قه‌ره‌بووی جینۆساید و ئه‌و زوڵمانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ده‌رحه‌ق به‌ میلله‌ته‌كه‌مان كراون". 

مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە" لە درێژەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانەی لە سەدەی رابردوو دژی کوردانی فەیلی و رۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و شوێنەكانی تر ئەنجام درا، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشووی عێراق لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و ڕاگواستن كردەوە". 

بارزانی دەشڵێت" حكومەتی ئەو كاتی عێراق بە بەرچاوی جیهان سەدان هەزار سەرباز و چەكی تۆقێنەری  لە دژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكارهێنا، ئامانجی ئەو كردەیە شكاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕی بادینان بوو، بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و هەرگیز لەبەرانبەر ئەو تاوان و ستەمكاریانەی دوژمن خۆی بەدەستەوە نەدا". 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی پارتی جەخت لەوە دەكاتەوە کە "دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە". 


PM:02:01:25/08/2023