قائیمقامییەتی هەڵەبجە: بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە هەوڵیداوە پشێوی دروست بکات

قائیمقامییەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە رایگەیاند، "دوای ئەوەی ناڕەزایی هاوڵاتیانی لەبارەی بەڕێوەچونی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە پێگەیشت، هەوڵیداوە بەدواداچون بۆ کارەکان و ناڕەزایی هاوڵاتیان بکات، بەڵام بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دور لە هەمو دیسپلینێکی سەربازی و ئیداری وەڵامی قائیمقامی هەڵەبجەی داوەتەوە وهەوڵیداوە پشێوی دروست بکات".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣، قائیمقامییەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە ڕایگەیاند "لە ماوەی رابردودا سکاڵایەکی زۆری هاوڵاتیان لەڕێگەی نامەو تەلەفۆنەوە بۆ قائیمقامییەتمان هاتوە، سەبارەت بە سکاڵای هاوڵاتیان و چۆنییەتی رایکردنی مامەڵەکانیان کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە،  بەو مەبەستەش ئەمڕۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجەمان کرد ".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە قائیمقامیەتی هەڵەبجە داوای لە 
مقدم.سالار سەردار بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە کردوە کە بەیەکەوە بچن گوێ لە سکاڵای ئەو هاوڵاتیانە بگرن کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی دەکەن تا لەنزیکەوە لە کەموکووڕییەکان بکۆڵنەوە بەڵام بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دور لە هەمو دیسپلینێکی سەربازی و ئیداری وەڵامی قائیمقامی هەڵەبجەی داوەتەوەو هەوڵیداوە پشێوی دروست بکات.

بەهۆی ئەم کاردانەوەیی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە، قائیمقامی هەڵەبجە پارێزگارو سەروخۆی لەم کارە ئاگادار دەکاتەوە، داواش دەکات لێپرسینەوە لەو بەڕێوەبەرە بکرێت کە کەمتەرخەم بووە بەرانبەر هاووڵاتیان و ئەرکەکەی. 



PM:03:47:30/08/2023