راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێران سەردانی سلێمانی کرد

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق، قاسم ئەلئەعرەجی سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوەو ئامانجیش کۆننترۆڵکردنی سنورەکانە لەگەڵ ئێران، ئەمەش وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق.
 
نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی عێراق، ئێوارەی رۆژی ٤ی ئەیلوول لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە" قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتیی هەرێمیی کوردستان کۆبووەوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵات و تووندتۆڵکردنی سنوور و رێگریکردن لە بەقاچاخبردن تاوتوێکرا". 

بەپێی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لە نێوان عێراق و ئێراندا واژوو کراوە مانگی ئازاری ئەمساڵ و دوا کاتی جێبجێکردنی ١٩ ئەم مانگەیە، دەبێت سنورەکان تۆکمە بکرێن و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دووربخرێنەوەو لەو سنورانەو، چەک بکرێن و لە کامپدا کە ١٠٠ کم لە سنورەکانی ئێرانەوە دووربن، نیشتەجێبکرێن.




AM:12:43:05/09/2023